ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا پەروین بوڵدان لە بارەی رەتکردنەوەی داوای ئازادکردنی پەرلەمانتارە گیراوەکانی دۆزی کەجەکە رایگەیاند، ئەو بڕیارە بڕیارێکی یاسایی نییە بەڵکو بڕیارێکی سیاسییە، لە ئیستەنبۆڵ یاسایەک و لە دیاربەکریش یاسایەکی دیکە پەیڕەو دەکرێ، ئەمە ئابڕوچوونێکی یاساییە.
پەروین بۆڵدان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتی "ئەو بڕیارەی دادگا بە مانای پێشێلکردنی مافی سیاسەتکردن و پەراوێزخستنی ئیرادەی خەڵکە. بڕیاری دادگای ئیستەنبۆڵ بۆ ئازادکردنی پەرلەمانتاری جەھەپە، بڕیارێکە دەتوانرێ بۆ پەرلەمانتارە گیراوەکانی دۆزی کەجەکەیش جێبەجێ بکرێ، ئەو بڕیارە بڕیاری ئازادکردنی ھەموو ئەو گیراوانەیە کە لە لایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردراون، بۆیە پێویستە دادگا و ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی تورکیا پابەندی ئەو بڕیارە بن.
پەروین بوڵدان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، ھێشتا پەرلەمانتارە گیراوەکانی دۆزی کەجەکە لە لایەن دادگای بەراییەوە دادگایی دەکرێن، ئەو تۆمەتەی خراونەتە پاڵیان سیاسەتکردنە، ئەوەیش دەکەوێتە چوارچێوەی ئازادیی بیروڕا، بەڵام پەرلەمانتارانی کەجەکە وەکو سیاسەتمەدارە گیراوەکانی دیکە ساڵانە وەکو بارمتەی سیاسی ھەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێ.
بوڵدان بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانی دا: ئەو بڕیارە بڕیارێکی یاسایی نییە بەڵکو بڕیارێکی سیاسییە، دەسەڵاتی دادوەری تورکیا بە ئاشکرا وەکو دوژمن ھەڵسوکەوت لەگەڵ سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارە گیراوەکانی ئێمەدا دەکا. ئەو بڕیارە ئابڕوچوونێکی یاساییە، لە ئیستەنبۆڵ یاسایەک جێبەجێ دەکرێ، لە دیاربەکر یاسایەکی دیکە. ئازادنەکردنی پەرلەمانتارە گیراوەکانی کەجەکە بە مانای پێشێلکردنی مافی سیاسەتکردن و رەتکردنەوەی ئیرادەی خەڵکە.
ئەو بڕیارە خزمەتی قۆناغی چارەسەر ناکا، بە پێچەوانەوە دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرەوپێشبردنی قۆناغەکەدا، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین لە بەرامبەر ئەو بڕیارە سیاسییەی دەسەڵاتی دادوەریدا بێدەنگ نەبێ. شەریکی ئەو بڕیارە سیاسییە کە بووەتە ھۆی پەراوێز خستنی ئیرادەی خەڵک حکومەتە، حکومەت ناتوانێ بڵێ ئەوە کاری دەسەڵاتی دادوەرییە و خۆی لێ بدزێتەوە. دادگا تایبەتەکان لە لایەن ئاکەپەیەوە دامەزراون ، دادوەرەکانی ئەو دادگایانەیش ھەر لە لایەن حکومەتەوە دامەزراون، واتە ئەو بڕیارە تەنیا بڕیاری چەند دادوەرێک نییە بەڵکو ھەڵوێستی حکومەتی ئاکەپەیە. بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین کۆتایی بە پێشێلکردنی یاساکان بێنێ.
بوڵدان گوتی "ئەو بڕیارە خزمەتی قۆناغی چارەسەر ناکا، دوای بینینی ناوەڕۆکی ئەو بڕیارە ئێمە وەکو بەدەپە ھەڵوێستی خۆمان دەبێ. لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەردا ئێمە سەرقاڵی دانوستانین، لە لایەکەوە گفتوگۆ دەکەی، لە لایەکی دیکەوە ھەر جۆرە ناحەقییەک لە بەدەپە دەکەی، ئەوە شتێک نییە بەدەپە قبووڵی بکا، ئێمە حکومەتی ئاک پارتی ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر وا بەردەوام بێ ئەوا قۆناغی چارەسەر رووبەرووی مەترسی دەبێتەوە.