Nurhan Çorlu,Rewa Mahmut Hasan
10 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2017
ئیستانبۆل - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "لەماوەی یەک بۆ یەک سەدە و نیوی رابردوودا، رێگەی بەھێزبوونی وڵات بریتی بووە لە سەرچاوەکانی وزە، یان بوون بە خاوەنی سەرچاوەکانی وزە بووە. لەگەڵ ئەمەدا، ھاوکات بە ھۆی ھەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەرچاوانەی وزە، ناوبەناو جەنگی ناوخۆ، کودەتا، داگیرکاری ئەنجام دراوە. بە داخەوە لە بری ئەوەی نەوت و گازی سروشتی ببێتە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی بۆ ئەو ناوچانەی خاوەنین، بۆتە ھۆی جەنگ و خوێنڕشتن. ئێمە وەک تورکیا ھەر لە سەرەتاوە پارێزگاری لەوە دەکەین کە دەبێت ئەم سەرچاوانە ببنە ھۆکاری خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی".
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لە پێناو بەردەوامیی گەشەی تورکیادا، پێویستە وابەستەبوون بە دەرەوە کەمبکرێتەوە و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ناوخۆییەکان بۆ بەرزترین ئاست بەرزبکرێتەوە. دابینکردنی وزەی پێویست لە ١٠ ساڵی ئایندەدا کە بۆ دوو ھێندە بەرزدەبێتەوە، بە خستنەکاری ئەو ٥٠ ھەزار مێگاواتەدا تێدەپەڕێت کە بڕیارە ساڵی ٢٠٢٣ تەواو بکرێت. لە ئێستادا بۆ ئەمە لەژێر شەش ناونیشانی جیاجیادا کاردەکەین."
ھەروەھا سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: ''لە سایەی ھەموو ئەو کارانەماندا، تورکیا کە خاڵی بە یەکگەیشتنی شارستانێتییەکانە، ئیتر لە لایەن شارەزایانی بواری وزەوە بە 'ھێڵی ئاوریشمینی وزە' ناودەبرێت. وڵاتەکەمان لە رێگەی ئەو توانایانەی بە دەستییەوەیەتی، لە ھەوڵدایە وزە بۆ سەرچاوەی ئاشتی و خۆشگوزەرانیی نەک وێرانکاریی، گرژیی و ناکۆکی بگۆڕێت''.