Emre Gürkan Abay
09 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2021
مۆسکۆ- AA
یەکەم شەمەندەفەری هەناردەی بازرگانیی لە تورکیا-وە گەیشتە رووسیا.
شەمەندەفەرەکە لە ٢٩ی کانوونی دووەمدا لە ئەنقەرە-وە بەرەو رووسیا بەڕێکەوت و لەڕێی هێڵی ئاسنی باکو- تبلیسی- قەرس گەیشتە ناوچەی کالوگا لە نزیک مۆسکۆ.
شەمەندەفەرەکە لە ١٥ واگۆن پێکهاتووە و نزیکەی چوار هەزار ئامێری کارەبایی دروستکراوی مارکەی (Beko)ی تورکی هەڵگرتوە لە کاتی گەیشتنیشی بە رووسیا بە رێوڕەسمێکی تایبەت پێشوازی لێکرا.

باڵیۆزی تورکیا لە رووسیا، مەهمەت سامسار لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەشێکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا پەیوەندییە ئابوورییەکانە.
مەهمەت سامسار جەختی لەوەکردەوە کە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیاندنی قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە ١٠٠ ملیار دۆلار کە وەک ئامانجێکی ئابووری لەلایەن سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پۆتین دیارییکراوە.
ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە کە شەمەندەفەرەکە تەنها لە رووی بازرگانییە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێزناکات، بەڵکو دەبێتە پردی دۆستایەتیش لەنێوان گەلی رووسیا و گەلی تورکیا.
