Mustafa M. M. Haboush,Hamdi Yıldız
26 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2021
یەمەن - AA
ھاوپەیمانییەتی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٠٥ چەکداری حووسیی لە شاری مەئریب کوژراون.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی کردەوە، ھێزەکانی ھاوپەیمانییەتی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٩ ئۆپەراسیۆنیان کردووەتە سەر ھێز و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی حووسی لە ناوچەکانی کەسارە و جەوبە خۆرئاوای پارێزگای مەئریب.
ئاماژە بەوەیش کرا کە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، ١٣ ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێکشکێنراون و زیاتر لە ١٠٥ چەکداری حووسییەکان لە چالاکی خراون.
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی چاپەمەنی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکیدا باسی لەوە کرد کە ھێزەکانی سوپا بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی حووسییەکان لە بەری خۆرئاوا و باشووری شاری مەئریب و لە ئاکامی پێکدادانەکاندا، دەیان میلیشیای حووسی کوژراون و ھێزی ھاوپەیمانان بە ھێرشی ئاسمانیی پشتیوانیان پێشکەش کردووە.
ئاژانسی ھەواڵی Saba سەربە حووسییەکان لە ھەواڵێکیدا کە بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە رایگەیاند "فڕۆکەکانی دوژمن (ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی) ١٦ ھێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر شارۆچکەکانی جەوبە و سوراوح سەربە پارێزگای مەئریب".
لە کاتێکدا حووسییەکان لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤ەوە کۆنترۆڵی سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکیان کردووە، ھێزەکانی ھاوپەیمانییەتی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە لە ئاداری ٢٠١٥ەوە تا ئێستا دژبە حووسییەکان، پشتیوانی لە حکوومەتی یەمەن دەکەن.
لەو شەڕ و پێکدانانەی ماوەی حەوت ساڵە لە یەمەن درێژەی ھەیە ٢٣٣ ھەزار کەس کوژراون.
یەمەن کە یەکێکە لە ھەژارترین وڵاتانی جیھان، بەھۆی شەڕی ناوخۆوە قەیرانی مرۆیی تیایدا پەرەی سەندووە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەمەن کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەسە رووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی جیھان بوونەتەوە و بەھۆیەوە زیاتر لە ٢٢ ملیۆن کەسی پێویستیان بە ھاوکاری و پاراستن ھەیە.