Ömer Tuğrul Çam,Merve Gül Aydoğan Ağlarcı
12 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2022
ئانتاڵیا/برۆکسل - AA
سکرتێری گشتیی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (NATO)، یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا ئەندامێکی بەهاداری ناتۆیە و دەستخۆشی لێ دەکەن بۆ ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی دەیدات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا.
یانس ستۆڵتنبێرگ کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئانتاڵیا سەردانی تورکیای کردووە، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند ''تورکیا ئەندامێکی بەهاداری ناتۆیە، تورکیا بە شێوەیەکی زۆر جیاواز هاوکاری پێشکەش دەکات بۆ بەرگری بەکۆمەڵی ناتۆ لە هەمان کاتدا، رۆڵێکی هەستیار دەگێڕێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و لە پێگەیەکی ستراتیجییدایە کە سنووری لەگەڵ عێراق و سووریا هەیە''.
یانس ستۆڵتنبێرگ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە تورکیا هاوکاری باشی پێشکەش بە نوێنەرایەتییەکانی ناتۆ کردووە وەک لە کۆسۆڤۆ و عێراق، فڕۆکە و کەشتی زۆری رەوانەی زۆر ناوچەی دیکە کردووە و بەشدارە لە نوێنەرایەتییەکانی ناتۆدا، ئەوەشی خستەڕوو کە پەیوەندی بە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان-ەوە کردووە و پیرۆزبایی ٧٠هەمین ساڵیادی بوونە ئەندامی تورکیای لە ناتۆ، لێکردووە.
هاوکات یانس ستۆڵتنبێرگ هێرشی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا بە ناڕەوا و بێ هۆکار لە قەڵەمدا و ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دڵڕەقییەک لە ئەورووپا نمایش دەکرێت.
گوتیشی: ''داوا لە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەکەین کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و هێزەکانی بکشێنێتەوە و پەنا بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەرێت''.
یانس ستۆڵتنبێرگ باسی لە کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کولێبا کرد لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئانتاڵیادا و گوتی: ''دەستخۆشی لە تورکیا دەکەم بۆ هەوڵەکانی لە پێناو ئاسانکاریی لە پرۆسە سیاسیی و دیپلۆماسییەکان کە چارەسەرێکی ئاشتییانە بەرقەرار دەکەن''.
- پشتیوانیەکان بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبێت
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ هەروەها باسی لەوە کرد کە ناتۆ یەکگرتوو بوو دژبە رووسیا و زۆرێک لە وڵاتانی ناتۆ سزای قورسیان بەسەر رووسیادا سەپاند و پشتیوانیان لە ئۆکراینا کرد.
یانس ستۆڵتنبێرگ ئەوەشی خستەڕوو کە وڵاتانی ناتۆ لە ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، مەشق و راهێنان بە سوپای ئۆکراینا دەکەن و لەم دواییانەشدا ئامادەی ئەوە بوون.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ناتۆ لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتی سەرەکی هەیە لە پاراستن و بەرگرییکردن لە هاوپەیمانەکانی و هەژموونی لە خۆرهەڵات بەهێزدەکات.