ھەولێر
بەگوێرەی ئاماری دامەزراوە حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەو کۆمپانیانەی کاری ھاوردن و ناردنی مەشروبات دەکەن، ئەمساڵ زیادیان کردووەو بەردەوام روو لەزۆر بوونن.
بێجگە لەوەی لە نێوخۆی ھەرێم مەشروباتی کحولی مشتەری زۆرە، ناوەندێکی باشیشە بۆ ھەناردنی مەشروبات بۆ شارەکانی دیکەی عێراق و تەنانەت کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری AA لە شاری ھەولێر، چەندین کۆمپانیاو خاوەنکار بەقەوارەیەکی گەورە بازرگانی مەشروباتی کحولی دەکەن. بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، لەماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا وەزارەتی بازرگانی ٢٢ مۆڵەتی داوە بە کۆمپانیاو خاوەنکاران بۆ ھاوردەکردنی مەشروباتە کحولییەکان.
بەپێی ناوەڕۆکی مۆڵەتەکان کە دراونەتە کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی مەشروبات، لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا بایی ٥٥ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار مەشروبات، ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراوە.
ھەرچەندە ھەوڵ ھەبووە بۆ دروستکردنی کارگەی دروستکردنی مەشروبات لەھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو ھەوڵانە سەریان نەگرتووە. بەرچاوترینیان رێگریکردنی دانیشتووانی گوندێکە لەناوچەی چەمچەماڵ لەپارێزگای سلێمانی کە رێنادەن کۆمپانیایەک کارگەیەکی دروستکردنی بیرە بنیات بنێ. بۆیە لەو ھەرێمەی ئەو ھەموو قازانجەی تیایە بۆ بازگانیی مەشروباتی کحولی تا ئێستا کارگەیەکی تێدا نییە.
ئەو مەشروباتانەی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن. بەشی زۆریان بەرھەمی کارگەکانی وڵاتی تورکیان، ھاوکات بەرھەمی کارگە بەناوبانگەکانی وڵاتانی روسیا، جۆرجیا، ئیسپانیا، ئەڵمانیاو وڵاتانی ئەسکەندەناڤیشی تێدایە.
بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان دڵزار ئیسماعیل، بۆ AA گوتی: "مۆڵەت دراوە بەزیاتر لە ١٦ ھەزار کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی، بەشێک لەو کۆمپانیایانە بەناوی بازرگانیی گشتی تۆمارکراون، بارزگانی مادە حکولییەکانیش دەگرێتەوە."
ناوەندی بازرگانی و فرۆشتنی مەشروباتی کحولی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، کەوتووەتە ناوچەی عەنکاوەی مەسیحی نشین لەباکووری رۆژئاوای شاری ھەولێر. بەشی ھەرە زۆری کۆمپانیاو کۆگاکانی مەشروبات لەو شارۆچکەیەن، بێجگە لە دەیان باڕ و یانەی شەوانە کە تایبەتن بەمەشروبات.
بەھۆی ئەو بازاڕە ئازادەی لە عەنکاوە ھەیە بۆ مەشروبات، وایکردوە ناوچەکە بە "دنیایەکی جیاوازتر" لە سەنتەری شاری ھەولێر وەسف بکرێ، چونکە کڕین و فرۆشی بەو خواردنەوانە ئاسایی و بێ سانسۆری کۆمەڵایەتییە. تا درەنگانی شەو بازاڕو یانەکانی شەوان لەعەنکاوە جمەی دێ لەمەیخۆرو مشتەرییەکانی.
لەعەنکاوە کاتێ سەردانی کۆمپانیای خواردنەوە کحولییەکان دەکەی، خاوەنکاری عەرەب و تورکیا و روسیان تێدایە، بەڵام نایانەوێ لەبارەی بازرگانیی مەشروباتەوە قسە بکەن.
یەکێ لە خاوەنی کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی مەشروبات بێ ئەوەی ناوی خۆی بڵێ گوتی: "ئەو مەشروباتەی لە ھەولێر و عێراق بەگشتی ھەن، بەشی زۆریان بەرھەمھێنراوی وڵاتی تورکیان، ھەروەھا بەرھەمی وڵاتانی ئەوروپا و روسیایشی تیایە بەڵام بەڕێی تورکیادا دەھێنرێنە ناو ھەرێمی کوردستان."
بەبڕیارێکی ئیدارەی پارێزگای بەغدا، مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١١ ، یانەکانی شەوان و کۆگاکانی فرۆشتنی مەی قەدەغەکران، حکومەت بەزوویی بڕیارەکەی جێبەجێکردو قوفڵیاندا لەدەرگای مەشروب فرۆشەکان. بەو بڕیارە نیگەرانی زۆر ھاتە ئاراوەو چەندین دەنگ بەرزبوونەوە بۆ رەتکردنەوەی بڕیارەکە، بەڵام قسەی ئیدارەی پارێزگای بەغدا سەرکەوتوو بوو.
بەھۆی ئەو بڕیارەی ئیدارەی پارێزگای بەغدا، بەھای مەشروبات لەو شارە زۆر چووە سەرو کاریگەریی زۆری ھەبوو تا مەیخۆرو مشتەرییەکانی روو بکەنە ھەرێمی کوردستان بۆ مەی کڕین و خواردنەوەی.
عەلی راموز، گەنجێکی ئێزیدیی خەڵکی شاری شنگالە و ئێستا لە عەنکاوە مەیخانەی ھەیە بۆ AA گوتی: "بازاڕی ئێمە پاش نیوەڕۆ تا درەنگانی شەو درێژەی ھەیە، زۆربەی کڕیارەکانیشمان لە شوێنەکانی دیکەی ھەولێرەوە دێن."
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی میوانخانەو چێشتخانەکانی ھەرێمی کوردستان، تا مانگی ئابی ئەمساڵ لە ھەرسێ شارەکەی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٨٠٠ ھۆتێل و گوندی گەشتیاری ھەیە لەگەڵ ١٥٢٠ ریستۆرانت و چێشتخانەو یانەی خواردنەوە.
بەشی ھەرە زۆری خاوەن کۆمپانیاکانی بازرگانییکردن بەمەشروبات و ئەو کەسانەی مەیخانەکان بەڕێوە دەبەن، کەسانی ئێزیدی و مەسیحی و عەرەبن، موسڵمانان کەمتر خۆ دەدەن لەو کارە.
عەلی راموز لەبارەی نرخی مەی لەبازاڕەکانی کوردستان دەڵێ قازانجێکی لەڕادەبەدەری ھەیە، بۆنموونە کارتۆنێ عارەقکە ٢٤ دانەی تیایە بە ٢٤ دۆلار دەیکڕن.کەچی دەیفرۆشنەوە بە٧٢ دۆلار.
سپۆڕانی ئابووریی دەڵێن ئەو جۆرە بازرگانیانەی کە زۆرینەی خەڵکی شار یان وڵاتەکە خۆیانی لێ بەدوور بگرن، قازانجی ماڵی بۆ دانیشتووانەکەی نییە، بەڵکو ئەوەی قازانجی لێ دەکات تەنیا بازرگان و خەڵکانی بیانییە.
پسپۆڕی ئابووریی و مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین ئیدریس رەمەزان، لەو بارەیەوە بۆ AA گوتی: "مەشروباتی کحولی لە کوردستان، کڕین و فرۆشی زۆری پێوە دەکرێ. بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵکەکەی موسڵمانە بەحەرامی دەزانن، بۆیە قازانجی بۆ دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان نییە لەڕووی ئابوورییەوە بەڵکو بازرگانانی دەرەوە قازانجێکی زۆری لێدەکەن، بازاڕی مەشروبات لە ھەرێمی کوردستان سوودی بە ھاووڵاتیان نەگەیاندەوە، ئەوە نەبێ ھەرێم بووە بەکاربەرو داھاتەکەیشی دەچێتە گیرفانی چەند بازرگانێکی تورک و عەرەب و ئەوروپییەوە."