ھەولێر
لەشاری ھەولێر بەردی بناغەی تاوەری نازە تاوەر لەباشووری شارەکە دانرا. بەھۆی گەورەیی پرۆژەکە، دەبێتە یەکەمین تاوەری لەو جۆرە لەھەموو عێراقدا.
پێکھاتەی تەلارەکە ٦٧ نھۆمە و بەرزییەکەی ٢٧٩ مەتر لەسەر ھەشت ھەزار مەتر چوار گۆشە بینات دەنرێ، ھەروەھا بڕی تێچوونەکەیشی خەمڵێنراوە بە ١٢٠ تا ١٥٠ ملیۆن دۆلار.
شەھاب حاجی نورەدین، سەرمایەدارێکی ناسراوی شاری ھەولێرە یەکێکە لەونەی بەشدارە لە بنیاتنانی تاوەرەکە بۆ AA قسەی کردو زانیاریی لەبارەی پرۆژەکەیان خستەڕوو.
حاجی شەھاب روونیکردەوە بەھۆی ئۆقرەیی و ئارامی ھەرێمی کوردستان، بیریان لەوە کردەوە پرۆژەیەکی لەو جۆرە بنیات بنێن، بۆیە ھەردوو کۆمپانیای نازە و کرمانج چوونە ژێر باری دروستکردنی پرۆژەیەکی لەو جۆرە، وا بڕیارە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ کارکردن لەپرۆژەکەدا تەواو بێ.
شەھاب گوتی: "نازە تاوەر سێ نھۆمی چێشتخانەیە و ٤٠ نھۆمی دیکەی بۆ ئۆفیس دەبێ، ھەروەھا چەند نھۆمێکیشی بۆ یەکینەی نیشتەجێ بوون و نھۆمی سەرەوەشی چێشتخانەیەکی سوڕاو دەبێ."
رابەر وەلی، ئەندازیاری بیناسازیی لە پرۆژەکە دەڵێ تا ئێستا دیزاینی پرۆژەکە چەند جارێک لەسەر داخوازی کەسانی وەبەرھێنەر گۆڕانکاریی بەسەرداھاتووە، بەشێکیان جوانکاریی بوون، دانانی شێوەی دەروازەکانی قەڵای ھەولێر لە پرۆژەکەش بە نموونە دەھێنێتەوە.
رابەر ئاماژەی بەوەدا نھۆمی کۆتایی پرۆژەکە بریتی دەبێ لە شوێنێک بۆ گەشتیاران بۆ ئەوەی لەبەرزترین شوێنەوە ھەولێر ببینن وەک ئەوەی لە پایتەختی وڵاتاندا ھەیە و بە ٣٦٠ پلە دەسوڕێتەوە. کۆتایی بیناکەش بە تاوەرێک دێت کە دژە ھەورە بروسکەیە و دیمەنێکی جوانیش بە تاوەرەکە دەبەخشێ.
محەمەد عگێلی، ئەندازیاری ئینشایی لە نازە تاوەر گوتی:"دیزاینی تاوەرەکە لەگەڵ کۆمپانیای OGH کە بارەگای لە شاری دوبەیە داڕێژاوە، نەخشەی تاوەرەکە لاساییکردنەوەی ھیچ تاوەرێکی دیکە نییەو بە بیرکردنەوەی خۆمان دامانڕشتووە".
ھەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٦ یاسای وەبەرھێنانی دەرکرد، کە ئەو یاسایە ئاسانکاریی زۆری بۆ وەبەرھێنەران دەستەبەر کردووە، لەوانە تەرخانکردنی زەوی بەبێ بەرامبەر بۆ پرۆژە ستراتیژییەکان، بەخشین لەباج بۆ ١٠ ساڵ و پێنج ساڵیش لە گومرگ. ئەمەش وایکردووە ھەرێم ببێتە ناوچەیەکی سەرنجراکێش بۆ وەبەرھێنەران لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
عگێلی باس لە گرتنەبەری ھەموو رێ وشوێنێکی پێویست دەکات بۆ بەرگە گرتن لەکاتی بوومەلەرزە و خێرایی و فشاری با، لەمبارەیەوە بۆ AA گوتی: "ھەولێر لە سەر ھێڵی بوومەلەرزە دایە، بەرزی بیناکە وایکردووە رێوشوێنی پێویست بگرینە بەر بۆ دژی بومەلەرزە تێیدا، ئەمەش بە زیادکردنی نھۆمەکانی ژێر زەوی بۆ چوار نھۆم، چونکە بیناکە قورساییەکی زۆری لەسەرە، ھەروەھا حسابی خێرایی و فشاری (با)شمان کردووە کە ئێستا تاکە تاوەری بەرزە لەھەولێر و لەدەوروبەری ھیچ بینایەکی بەرز نییە بۆیە خێرایی با و فشارەکەشی زیاترە وەک لەوەی بینای دیکەی بەرزی لەنزیک ببێ."
بەگوێرەی قسەی عگێلی ئەو مادانەی لە دروستکردنی تاوەرەکەدا بەکاردێن، ئەوروپین و کوالێتییان بەرزە، ھەروەھا بنکەیەکی پکشنینیشیان بۆ ئەو شیش و چیمەنتۆیەی لە پرۆژەکەدا بەکاردێ دامەزراندووە، بەپێی ئەو رێوشوێنانەی گرتوویانەتەبەر و ئەو ماددانەشی بەکاری دەھێنن، حسابی ئەوەیان کردووە بیناکە تا ١٠٠ ساڵی دیکە ھیچ رووداوێکی سروشتی کاری تێ نەکات.
ھاتنی چەندین کۆمپانیای زەبەلاحی نەوت ھەڵگۆزین، بەرەو پێشچوونی کەرتی وەبەرھێنانی بەدوای خۆیدا ھێناوە. وا بڕیارە لە ئایندە چەندین ھۆتێلی پێنج ئەستێرەیی دروست بکرێن لەوانە (ھێلتۆن، بێست وێسترن، کمبنسکی) پێش ئەوانیش رۆتانای ئیماراتی و دیوانی تورکی ھاتوون.
زەردەشت سەرسام، ئەندازیاری مەدەنی لە پرۆژەی نازە تاوەر دەڵێ چەند مانگێکە دەستیان بە بنیاتنانی تاوەرەکە کردووە و مۆڵەتی دروستکردن چەند مانگێ لە کار رایگرتبوون. لەبارەی تەواوبوونی پرۆژەکەوە گوتی: "ساڵی ٢٠١٥ ھەیکەلی تاوەرەکە تەواو دەبێ و کۆتایی ٢٠١٥ یان سەرەتای ٢٠١٦ ھەولێر دەبێتە خاوەنی بەرزترین تاوەری عێراق."
دۆزینەوەی نەوت ھۆکارێکی دیکەی خێراتکردنی ئەو پێشکەوتنانەیە کە ھەرێمی کوردستان بەخۆیەوە دەبینێ، ھاتنی کۆمپانیا بیانییە زەبەلاحەکانی نەوت بەھۆی ئارامی ھەرێمەوە دڵنیاییەکی تەواوی بەخشیوەتە وەبەرھێنەران.
یاسین مەحمود، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دروستکردنی ئەو تاوەرە دەستپێشخەرییەکی زۆر گرنگە و جێگەی دەستخۆشییە، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کوردستان و ھەولێر، بەتایبەت ئەو شارە بەرەو پایتەختی گەشتیاریی عەرەبی ھەنگاو دەنێ، نازە تاوەر یەکێ دەبێت لەدیارترین ئەو پرۆژانەی سەرنجی گەشتیاران بەلای خۆیدا رادەکێشێ و پێشبینی دەکرێت ژمارەی گەشتیاران بەھۆی ئەو تاوەرەوە زۆر زیاد بکات."
یاسین روونیکردەوە: "ھەرێمی کوردستان لەداھاتوودا چەند پرۆژەیەکی بەرزی تێدا دروست دەکرێت لەوانە شاری جوان لەشاری سلێمانی کە ٢٠٠ مەتر بەرزە و تاوەری جاف کە ٢٥٠ مەتر بەرزە ھەر لەشاری سلێمانی."
بەتەواو بوونی نازە تاوەر لەشاری ھەولێرو شاری جوان و جاف تاوەر لەسلێمانی، ھەزاران کەس دەرفەتی کاریان بۆ دەڕەخسێ.