Hemin Hüseyin
11 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2016
هەولێر - AA
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەی تەقینەوەکانی تورکیا دەکات کە شەوی رابردوو لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی تیرۆریستی لە دەرەوەی یاریگایەک لە شاری ئیستانبۆڵی تورکیادا ژمارەیەک ھاووڵاتی و پۆلیس بوونە قوربانی و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
لە راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "شەوی ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی تیرۆریستی لە دەرەوەی یاریگایەک لە شاری ئیستانبۆڵی تورکیادا ژمارەیەک ھاووڵاتی و پۆلیس بوونە قوربانی و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون".
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی ئەو پەلامارە دەکات، هاوکات سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەکات و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئامانجی تیرۆریستان تێکدانی ئاسوودەیی ھاووڵاتییان و شێواندنی ژیان و ئۆقرەییە لە ھەموو شوێنێکی جیھان، بەڵام لەوە دڵنیاین کە کردە و ھزری نامرۆڤانەی تیرۆریستان کۆتاییەکەی شکستە و سەرناکەون".