Betül Yürük
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2020
نەتەوە يەكگرتووەكان - AA
سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، ئەنتۆنيۆ گوتیرێس داواى لە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى كرد تاكو كۆتايى ساڵ لە ماوەى ١٠٠ رۆژدا ئاگربەستى جيهانى جێبەجێبكەن.
كۆبوونەوەكانى ٧٥هەمين ئەنجوومەنى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان دەستی پێكرد.
ئەنتۆنيۆ گوتیرێس لە گوتارى دەستپێكردنى كۆبوونەوەكاندا، گوتى، "ئەو چوار كێشە جيهانييەى كە ساڵى پار وەكو هەڕەشە بۆسەر جيهان دياريكرابوون، ئەمساڵ ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ (COVID-19)یشی بۆ زيادبوو".
گوتیرێس هۆشدارى لەوە دايەوە كە رووبەڕووى قەيرانێكى تەندروستيى جيهانين و ئەو قەيرانە گەورەترين قەيرانى ئابوورى لەگەڵ خۆيدا هێنداوە و گوتى، "(COVID-19)، رزيبوونى جيهانى ئاشكراكرد".
- "COVID-19، پرۆڤەيەكە بۆ ئەو كێشانەى كە لێرە بەدواوە رووبەرووى جيهان دەبێتەوە"
گوتیرێس، ئاماژەى بەوە كرد كە ئەو پەتايەى لە ئێستادا هەيە، لە هيچ پەتايەك ناچێت كە پێشتر روويدابێت و گوتى، "ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تەنها ئاگاداركردنەوەيەک نييە، ئەو پرۆڤەيەكە بۆ ئەو كێشانەى كە لێرە بەدواوە رووبەڕووى جيهان دەبێتەوە".
ئەنتۆنێو گوتیرێس داواى لە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى كرد كە ئەو ئاگربەستە جيهانييەى كە لە سەرەتاى پەتاكەوە داوايكردبوو لە ماوەى ١٠٠ رۆژدا جێبەجێى بكەن و گوتى، "كات نەماوە. بۆ راگرتنى سەرجەم پێكدادانەكان لە ناوچە گەرمەكانى جيهان، پێويست بە ئاگربەستێكى جيهانى هەيە. لە هەمان كاتدا، پێويستە ئەوەى لەدەستماندێت بيكەين بۆ رێگرتن لە جەنگێكى ساردى ديكە".