Abdullah Shukur
08 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2017
حومس - AA
گواستنەوەی کاروانی چوارەمی خەڵک کە لە سەربازانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی سڤیل پێکهاتووە لە گەڕەکی وەعری شاری حومس بەرەو جەرابلوس بەردەوامە.
کاروانەکە لە دوو ھەزار و ٥٣٨ کەس پێکھاتووە و لە گەڕەکی وەعری شاری حومس کە لە ژێر گەماڕۆی رژێمی ئەسەد دایە، بەرەو کەمپی ئاوارەکانی زۆغارەی جەرابلوس بەرێکەوت.
کاروانەکە کە لە ٥٥ ئۆتۆمبێل پێکھاتووە، ٧٣٣ ئافرەت و ٨٧١ منداڵ و ھەروەھا ٥٥ نەخۆش و ١٢ بریندار لە نێوانیاندایە.
ھاوکات ١٢ ئۆتۆمبێڵی فریاکەوتنی سەر بە مانگی سووری سووریا کە بریندارەکانیان ھەڵگرتووە، ژمارەیەکی زۆری بارھەڵگریش لە کاروانەکەودا بوونیان ھەیە.
گواستنەوەی خەڵک لە گەڕەکی وەعیر لە مانگی ئازارەوە بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە. دوو کاروانی یەکەم بەرەو جەرابلوسی سەر سنووری تورکیا بردران و کاروانی سێیەمیش بەرەو دەشتاییەکانی ئیدلیب گواستراونەتەوە.
-نزیکەی شەش ھەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەش لە گەڕەکی وەعری شاری حومس دەگوازرێنەوە
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە ئەنجوومەنی رێکخستنی خۆجێی حومس وەرگیراون، نزیکەی ٢٢ ھەزار کەس لەو گەڕەکە داوای گواستنەوەیان کردووە و بەڵام رژێم داوای تەنها ١٥ ھەزار کەسی قبوڵکردووە.
راشگەیەنرا کە ئەوانەی داواکەیان قبوڵ نەکراوە، بەرەو ناوچەکانی ژێر دەستی رژێم دەگوازرێنەوە.
تاکو ئێستا ھەشت ھەزار و ٥٠٠ کەس لە گەڕەکی وەعر گواستراونەتەوە و چاوەڕێی ئەوەش دەکرێ شەش ھەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەش ھەفتەی داھاتوو بگوازرێنەوە. ئەوانەی کە دەگوازرێنەوە زۆربەیان لە ئافرەت و منداڵ و بەساڵاچوو پێکدێن.