Mehmet Şah Yılmaz,Emre Aytekin,Büşranur Koca
04 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2024
پەکین/ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد تورکیا و چین لە زۆر بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆچوونیان یەکانگیرە و لە سیستمی نێودەوڵەتییدا هەردوو وڵات داکۆکی لە لێکتێگەیشتنێکی دادپەروەرانەتر دەکەن و ڕایگەیاند: "بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و چین ئاشتیی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی دەستەبەر دەکات".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین، ڤانگ ییی لە پەکین، وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان لەگەڵ هاوتا چینییەکەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی ساز کرد.
فیدان باسی لەوە کرد کە تورکیا و چین لە زۆر بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆچوونیان یەکانگیرە و لە سیستمی نێودەوڵەتییدا هەردوو وڵات داکۆکی لە لێکتێگەیشتنێکی دادپەروەرانەتر دەکەن.
ڕاشیگەیاند: "بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و چین ئاشتیی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی دەستەبەر دەکات".
فیدان سوپاسی هەڵوێستی چینی کرد لە بارەی پرسی فەڵەستین، ئاماژەی بەوە کرد کە هاودەنگیی چین لەگەڵ فەڵەستین و پشتیوانی کردنی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی شایەنی ڕێزە.
هەروەها فیدان ئەوەی وەبیرهێنایەوە شارەکانی کاشگار و ئورومچی کە بەشدارن لە دەوڵەمەندکردنی کەلتووری چیندا دوو شاری دێرینی ئیسلامی تورکن و، ڕایگەیاند: " ئەم شارانە دەوری پردێک دەبینن لە نێوان چین-جیهانی تورک، چین-جیهانی ئیسلامیدا، سمبوولی دۆستایەتیی و هاوسێیەتیی دێرینمانن".
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی چین ڤانگ سەبارەت بە پرسی فەڵەستین و دۆخی غەززە ڕایگەیاند: "دەبێت هەرچی زووە ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەندرێت. چارەسەری کێشەی فەڵەستین دوو دەوڵەتییە. چین و تورکیا پشتیوانی لە ئەندامێتیی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتوەکان دەکەن".
گوتیشی: "دەبێت چین و تورکیا هەماهەنگی نێوانیان بەهێز بکەن و هەوڵەکانیان خێراتر بکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ کێشەی فەڵەستین".