ھەولێر
یاە سات بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق دەستپێکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی لە ھەولێر راگەیاند. بە قسەی كاربەدەستانی کۆمپانیاکە بە کەش و ھەواو لەنێو دۆڵ و سەر سنوورەکانیش ناگۆڕێت.
پرۆژەکە بریتییە لە تەرخانکردنی بەشێک بەناوی (کوردیش پاکێت) لە رێی پرۆژەی (یاڵایف)ی مانگی دەستکردی یاەــ ساتی ئیماراتی. بەپێی پلانەکە کەناڵە کوردییەکان لەرێی ئەو مانگە دەستکردەوە پەخشدەکرێن.
ئەحمەد سەبیح، بەڕێوەبەری پرۆژەی یاە سات لە عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاند "مانگی دەستکردی یاە سات (١) تەنھا ٣٦ ھەزار کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە. واتە کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان دەتوانن بە چوونە سەر ئەم مانگە پێویستیان بەوە نەمێنێ بۆ پەخشکردن بچنە سەر ھەردوو مانگی ھۆتبێرد و نایل سات. بەڵکو بەتەنھا بەچوونە سەر یاە سات دەتوانن پەخش بۆ (ئاسیا، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئەفریقیا) بە خەرجییەکی کەم بگوێزنەوە".
ھەروەھا ئەحمەد گوتی "شاری ھەولێر گونجاوترینە بۆ دروستکردنی شارێکی میدیایی، وەک ئەوەی لە دوبەی و ئەبوزەبی پلانی بۆ داڕێژراوەو لە ئایندەدا دەستیێدەکرێ".
ئێستا کۆمپانیای یاە سات چاوەڕوانی وەڵامی کەناڵە کوردییەکانە بۆ ئەوەی بخرێنە سەر مانگە دەستکردە ئیماراتییەکە. بە گوتەی بەڕێوەبەری پرۆژەکە "بۆ ماوەی سێ مانگ داشکان لە نرخەکاندا دەکرێ بە بڕی ٧٠%. بەشێوەیەک ئەو نرخەبەڕێژەی ٣٠ تا ٤٠% کەمترە لەو خەرجییەی کە ئێستا کەناڵە کوردییەکان بۆ پەخشکردن خەرجی دەکەن.
لە نیسانی ٢٠١١ ئیمارات بۆ یەکەم جار مانگی دەستکردنی یاە سات(١)ی ھەڵدا کە تایبەتە بە پەخشکردنی کەناڵە ئاسمانییەکان لەسەر سیستەمی (HD, CD).
ساڵێک پاش ئەوە یاە سات(٢)ی ھەڵدا ،کە ئێستا کۆمەڵێک لە کەناڵە ئاسمانییە عەرەبییەکانی لەسەرە. مانگی رابردووش کۆمپانیا ئیماراتییەکە گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی ھەرێم ئیمزا کرد بە مەبەستی پەخشکردنی کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان لەسەر مانگە دەستکردەکەی.
ئەحمەد سەبیح لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ھەر لە رێگەی مانگی دەستکردنی یاە ساتی ئیماراتی پرۆژەی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتیان راگەیاندووە کە جیاوازییەکەی لە ھێڵەکانی دیکەی ئینتەرنێت لە ھەرێمی کوردستان ئەوەیە" بە ھیچ شێوەیەک کەش و ھەوا و بەرز و نزمییەکانی زەوی کاریگەری ناکەنە سەری. واتە لەنێو چیا و لەسەر سنوورەکان و لەناو دۆڵەکان و لەکاتی باو باران و خۆڵباریندا بەھیچ شێوەیەک ئینتەرنێتی ئێمە راناوەستێ و خاو نابێتەوە. چونکە بە نوێترین تەکنەلۆجیا کاردەکات".
ھەروەھا گوتی نرخی بەشداربوون لەو خزمەتگوزارییە ھەرزانە و خزمەتگوزارییەکانی جێگیرە و خێراییەکەی بەپێی کارکردن ناگۆڕێت".
ئیکرام حەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری تەکنیکی لە کەناڵی سپێدە لەمبارەیەوە بە ئەنادۆلو راگەیاند" ئەگەر کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان رێکبکەون و پێکەوە بچنە سەر ئەو مانگە دەستکردە، شتێکی باش دەبێ".
لە بارەی کەناڵەکەی خۆشییانەوە روونی کردەوە" ئێمە بەم نزیکانە سەردانییان دەکەین و لە نزیکەوە لە خزمەتگوازی و نرخەکانیان دەکۆڵینەوە. ئەگەر دڵنیابووین لە کوالێتی و نرخ، ئەوا پەخشەکەمان دەگوێزینەوە سەر ئەو مانگە دەستکردە".