Dildar Baykan Atalay
19 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2022
واشنتۆن – AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی، رایگەیاند کە لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە ئەوە ھەموو بژاردەکان دەخرێنە بەر باس و دووبارە ھۆشداریی دایەوە و گوتی: "لە قۆناغێکداین کە ئەگەری ھەیە رووسیا لە ھەر کاتێکدا بێت ھێرش ئەنجامدات".
جێن ساکی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی، ھەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشھاتەکانی گرژییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا کرد.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن، گەشتێک بۆ ئۆکراینا و ئەڵمانیا ئەنجامدەدات و رایگەیاند بڵینکن، لەم گەشتەیدا دیدار و کۆبوونەوە لەسەر پرسی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئۆکراینا-رووسیا ئەنجام دەدات.
- وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و رووسیا لە جنێڤ کۆدەبنەوە
جێن ساکی ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە بڵینکن و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لە میانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە ئەم بەیانییە ئەنجامیاندا، ھاوڕابوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە جنێڤ و راشیگەیاند کە بڵینکن لەو کۆبوونەوەیەدا رووسیا لە بابەتی کەمکردنەوەی گرژییەکان ئاگادار دەکاتەوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسی گرژییەکانی نێوان ئۆکراینا - رووسیا سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پویتنە کە دەیان ھەزار سەربازی لەسەر سنوور کۆکردووەتەوە و گوتی: "با بە روونی قسە بکەم، دۆخەکە لە ئێستادا زۆر مەترسیدارە. لە قۆناغێکداین کە ئەگەری ھەیە رووسیا لە ھەر کاتێکدا بێت ھێرش ئەنجامدات. بڵینکن، لە کۆبوونەوەکەی جنێڤدا، بە روونی ئاماژە بەوە دەکات کە رێگایەکی دیپلۆماتی بۆ ئەم بابەتە ھەیە. بڕیارەکە لەدەست پوتین و رووسەکانە، ئایا بەرگەی ئەنجامی ئەو سزا ئابووریە قورسانە دەگرن کە لە داگیرکردنی ئۆکراینا دەکرێتە سەریان یان نا".
جێن ساکی، جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە ئەوە ھەموو بژاردەکان دەخرێنە بەر باس و ئەوەی راگەیاند کە لە بابەتی سزا ئابوورییەکان لەگەڵ ھاوبەشە ئەورووپییەکانیان لە پەیوەندیدان.