Selen Temizer
16 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2021
بڕۆکسل - AA
وەزیرانی بەرگریی یەکێتیی ئەورووپا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بەهێزکردنی ئاسایش و بەرگریی یەکێتیی ئەورووپا، پڕۆژەی کار و پرسەکانی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی سێیەم و بەتایبەتیش ئەمریکا، کۆبوونەوە.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ پێش کۆبوونەوەکە لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار مۆڵەت بە گفتوگۆکردن لەسەر رێکخستنە کاڕگێڕییەکان دەدرێت کە دەبێتە هەلێک بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی ئاژانسی بەرگریی ئەورووپا، گوتیشی: "ئەمە خواستی ئەمریکا بوو، هیوادارم ئەمڕۆ وەزیرەکان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەسەر پێدانی دەسەڵات بگەنە رێککەوتن".
جۆزێپ بۆڕێڵ ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمڕۆ، دەنگ لەسەر ئەو بەشە نوێیانەش دەدرێت کە بۆ پڕۆژە سەربازییەکانی هەماهەنگی هەمیشەیی پێکهێندراو (PESCO) زیادکراون، بەم شێوەیەش ژمارەی پڕۆژەکان دەگاتە ٦٠ پڕۆژە و گوتی: "ئەم پڕۆژانە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەنجامی کارایان دەبێت و دەبنە هەنگاوێکی نوێ بۆ بواری سەربازیی ئەورووپا".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی کێشەکانی سەر سنووری رووسیا و ئۆکراینا، باسی لەوە کرد کە ئەم بابەتە لە رۆژەڤی کۆبوونەوەکەدا نییە، بەڵام وڵاتانی ئەندام دەتوانن ئەم بابەتە باس بکەن.