Hemin Hüseyin
23 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2018
هەولێر-AA
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام بدات.
بانگھێشتنامەیەک ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق کراوە، تیایدا داواکراوە کە ئامادەبن بۆ دانیشتنی نائاسایی لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رێککەوتی ٢٤ /٥ / ٢٠١٨
لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەو دانیشتنەدا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێناس جانۆ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەوان بەشداری دانیشتنەکەی سبەی ناکەن.
رێناس جانۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا هەواڵەکەم بۆ هاتووە، بەڵام پێشووتریش هەوڵێکی هاوشێوە هەبوو، بەڵام سەری نەگرت، ئێستاش هەوڵێکی وا هەیە رەنگە لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە دانیشتنێک ساز بکرێت، بەڵام ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی بەشدار نابین".
هاوکات ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا بڕیاریان نەداوە لە بەشداریکردن یان نەکردن و رایدەگەیەنێت کە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای تاوتوێکردن بڕیاری خۆیان دەدەن.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەشواق جاف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دانیشتنەکە شەفافیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە، ئێمە وەکو فراکسیۆن تا ئێستا بڕیارماننەداوە لەسەر بەشداریکردن یان نەکردن، بەڵام بانگهێشتنامەکەمان بەدەست گەیشتووە".
سەبارەت بە ئەگەری بەشدارینەکردنییان لە دانیشتنەکەدا، ئەشواق جاف گوتی: "ئێمە تانەمان لە پڕۆسەکە داوە بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، هەروەها دەبێت دەستەی قەزائی هەڵبژاردنەکان سەیری تانەکان بکات و وەڵاممان دەداتەوە، ئێمە چاوەڕێی دەستەی قەزائیی هەڵبژاردنین و تا ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە".
هاوکات ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت کە ئەوانیش بەشداری کۆبوونەوەکەی سبەی نابن.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبوار تەها بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بانگهێشتەکە تەنها لە راگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە و ئێمە بەشدارنابین چونکە ئەم دانیشتنە دانیشتنی دۆڕاوەکانە و باوەڕیش ناکەم دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت".
ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتیی ئاشکرای دەکات کە ئێستا پەرلەمان لە پشووی بڕیاردانە و دانیشتەکە بێ ئەنجام دەبێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سۆزان بەکر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بانگهێشتنامەکەم بەدەست گەیشتووە، بەڵام ئێمە وەکو فراکسیۆن بەشدارنابین، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێستا پەرلەمان لە پشووی تەشریعییە و دانیشتنەکە هیچ ئەنجامێکی نابێت. لە هەمانکاتدا ناوی پەرلەمانتارانی خولی داهاتووش نێردراوەتە دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و سوێندی یاسایی بخۆن".
رۆژی شەممەی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سازکردنی ئەو دانیشتنە نائاساییەی کە بڕیاربوو بۆ تاوتوێکردنی دەنگۆکانی ئەنجامدانی ساختەکاری لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران سازی بکردبایە، شکستیھێنا.