ھانا جاف ئەو كچە كوردەی كە كوردی نازانێ، دەڵێ ئێستا خۆی فێری زمانی كوردی دەكا.
ھانا جاف لە چواری تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٦ لە باوكێكی كورد و دایكی مەكسیكی لەدایكبووە، ماستەری لە زانستە سیاسییەكانی زانكۆی ھارفاردی ئەمریكی بەدەستھێناوە، بریكاری وەزیری كۆچی حكومەتی مەكسیك و گەنجترین وەزیرە لە كابینەكە. ھاوكات باڵیۆزی گەشت و گوزاری ویلایەتی مۆیۆلوە.
باوكی ھانا ساڵی ١٩٨٢ بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر لەشاری كەلارەوە روویكردووتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەوێ لەزانكۆ عاشقی دایكە مەكسیكییەكەی ھانا دەبێ و دواتر ھاوسەرگیری دەكەن.
بۆخۆشی زمانەكانی ئینگلیزی، فەڕەنسی و ئیسپانی دەزانێ، بەڵام ھێشتا زمانی باوكی نازانێ، لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی ئەمڕۆ لەھەولێر بەستی ھانا بەكوردییەكی سانا تەنھا گوتی" كوردی نزانم". لەگەڵ ئەوەشدا گوتی كەسێك ھەیە ھەفتانە فێری زمانی كوردیی دەكا.
ھانا جاف ماوەی سێ رۆژە ھاتۆتەوە ھەرێمی كوردستان و لە ھەولێرە، وا بڕیارە سبەینێ سەردانی شاری سلێمانی و دوو سبەینێش بچێتەوە بۆ زێدی بابی خۆی.
لەبارەی سەردانەكەی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "سەردانەكەم فەرمی نییە، بەڵكو بۆ بەسەربردنی كاتی پشووەكەمە، ھاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنای كوردستان ببم، زۆر خۆشحاڵم ھاتوومەتە كوردستان. لە بەرنامەمدا هەیە سەردانی كەمپی ئاوارەكانی رۆژئاوای لەكوردستان بكەم."
ھانا، لە مەكسیك رێكخراوێكی پەروەردەیی بەناوی عەشیرەتەكەیەوە (جاف) دامەزراندووە و سەرۆكی رێكخراوی ژنانی شاری سانتیاگۆیە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ھەروەھا كاردەكات بۆ یارمەتیدانی منداڵانی تووش بوو بە نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری تیخوانای مەكسیك.
ھانا جاف چەند رۆژێكە لەھەولێرە و جگە لەكۆبوونەوە، ئەمڕۆ لە ئوتێل چوارچرای شارەكە باسی لەھەماھەنگی نێوان رێكخراوەكانی NGO كرد، دوێنیش لە نەخۆشخانەی رزگاری بابەتێكی لەسەر شێرپەنجەی مناڵان ھبوو.
سەرباری ئەوەی زمانی كوردی نازانێ و ھیچ شارەزاییەكی ئەوتۆی لەسەر كوردستان و كورد نییە، بەڵام بەمنزیكانە كتێبێكی لەسەر مێژووی كوردستان و رووداوە سیاسییەكانی بەناوی سێ كلتور لەیەك ئافرەتدا (مەكسیكی، كوردی، ئەمریكی) بڵاودەبێتەوە.
ئەو ئاشكراشیكرد مەكسیكییەكان شتێكی ئەوتۆ لەسەر كورد و نەھامەتییەكانی وەكو جینۆسایدكردنی كورد نازانن، لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوەدەكات كە ئەمساڵ لەكۆڕێكدا توانیویانە شتێك لەوبارەیەوە بكەن و بەردەوامیش دەبن.
ھانا جاف كە سەردانی چەندین بەرپرسی لەھەرێم كردووە لەو سێ رۆژەی رابردوو، دەڵێ چەندین نامەی سیاسەتمەدارانی ئێرەی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەرێگەیەوە بیگەیەنێتە بەرپرسانی حكومەتەكەی لە مەكسیك.
دەشڵێ بەنیازە لەمانگی ئاداردا فیستیڤاڵێكی كوردی لە مەكسیك رێكبخات.
ھانا لەگەڵ ئەوەی ھاوڵاتییەكی مەكسیكییە و باوكیشی كوردێكی كەلارییە و خوێندنی لە ئەمریكا تەواوكردووە، هەروەها دەیەوێ تێكەڵییەك لەكلتوورەكاندا بكا و نایەوێ بەتەنھا لەسەر یەك كلتوور بمێنێتەوە.