دوو رۆژ بەر لە خۆپیشاندان گەنجانی سەیدسادق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بانگەوازیان کرد "خۆپیشاندان دەکەین" پێشنیوەڕۆی رۆژی ٣ی کانوونی دووەم، شەقامە سەرەکییەکەی شار پڕ بوو لە گەنج و رێگای سەرەکییان داخست.
گردبوونەوەکە فراوان
قایمقامی دەست لەکارکێشاوەی سەیدسادق، لە سەعاتەکانی سەرەتای خۆپیشاندان، ئۆپۆزسیۆنی بە تێوەگلان لەو خۆپیشاندانە گوناحبار کرد. بەشێکیش خۆپیشاندانەکەیان وەک دژایەتیکردنێ بۆ ھەڵەبجەییەکان زانی کە گوایە سەیدسادقییەکان دەیانەوێ بڵێن ئەوان موستەحقی بەپارێزگابوونن.
دوای ھەڵبژاردنی ئەیلولی ساڵی رابردوو، یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی لەھێزی دووەمەوە بۆ سێیەم دابەزاند، زۆنی سەوز کە یەکێتی حاکمییەتی، تووشی چەندین رووداوی ئەوتۆ بۆتەوە کە پێشتر رێژەکەی کەمتر بوو. لە نێویاندا خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق بە نموونە. تای ترسی ی.ن.ک لە رووداوەکانی ئەمدواییەی سلێمانی و پارێزگاکە بەگشتی زیاد ھەڵنەکشاوە، بەڵام کە باس دەگاتە قسەکردن لەسەر عەرشی ئەو زۆنەی ٢٣ ی.ن.ک ساڵ حاکمییەتی، بێ دوو دڵی بە ھەوڵی جێ پێ لەقکردنی خۆی دەزانێ.
یەکێتی ھەرچەندە دەیەوێ لە راگەیاندن و لە زمانی پەرلەمانتار و سەرکردایەتییەکەیەوە باوەڕ بەوە بێنێ کە خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق خۆڕسکانەیە. بەڵام کە دەچێتە وردەکارییەکانییەوە، دواجار لەو سووکە باوەڕەی وەردەگەڕێ و ناتوانێ لەناخەوە خۆی بەوە قایل بکا ھیچ لەپشتی رووداوەکانی ئەو قەزایەوە ناگوزەرێ.
رۆژێک دوای خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق، جوتیار نوری، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی ی.ن.ک و جێگری پێشووی پارێزگاری سلێمانی لەبارەی خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق لە لێدوانێکدا بۆ سایتی (ئەنجومەنی ناوەندی ی.ن.ک) دەڵێ: "خۆپیشاندەران داوا دەکەن نەخرێنە سەر پارێزگای ھەڵەبجە کە ھێشتا دروست نەبووە."
جوتیار وەکو تەواو دڵنیابێ، لە لێدوانەکەیدا دووبارەی دەکاتەوە و دەڵێ دڵنیایە "دەستی لایەنێکی سیاسی لە پشتی ئەو خۆپیشاندەرانەوەیە و ھان دەدرێن بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکان فراوانتر بکەن." جارێکی دیکە دەڵێ ھاندانی ئەو لایەنەیە وایکردووە ئاراستەی خۆپیشاندانەکەیان بۆ توندوتیژیی بگۆڕێ.
دوای رۆژێک لە لێدوانەکەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی، زوبێر عوسمان ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەروونی دەڵێ بۆی روون بۆتەوە، خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و دەستی پارتە سیاسییەکانی لە پشتە بۆ شێواندنی ئارامی زۆرنی سەوز.
زوبێر ھەردوو لایەنی پ.د.ک و بزووتنەوەی گۆڕان بەوە تۆمەتبار دەکا چاوییان لە ئاستی ھەر سەوزاییەک نابینێ و تەنیا زەرد یان نیلی دەبینن کە ئەو بە"زەلی" ناوی بردووە. مەبەستی وەکو خۆی دەڵێ زەرد و نیلی و کە ئەو دوو رەنگە پێکەوە ناگونجێن.
بزووتنەوەی گۆڕان ئەو ھێزەی لە پشتی ھەر خۆپیشاندانێ لە زۆنی سەوز رووبدا، پێی تۆمەتبار دەکرێ، لە سەعاتەکانی یەکەمی خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق، رووماڵێکی ئەوتۆی نەکرد. سایتی سبەی کە سایتی رەسمیی بزووتنەوەکەیە. تا ئێوارەی یەکەم رۆژ هەواڵ و راپۆرتی لە سەر ئەو رووداوە نەبوو.
گۆران ئازاد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان، پێچەوانەی لێدوانی دوو ئەندامەکەی ئەنجومەنی ناوەند دەڵێ لەو باوەڕەدا نییە، مەبەست لە خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق گەیاندنی پەیامی سیاسی بێ. لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە ھۆکاری خۆپیشاندانەکە بڕیاری بوون بە پارێزگا ھەڵەبجەیە.
لەو بارەیەوە گۆران بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" ھۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندانەکە بوون بە پارێزگای ھەڵەبجەیە، دروشمی (دژی بوون بە پارێزگای ھەڵەبجە نین و ئازادین سەر بە ھەر پارێزگایەک بین) کە لەخۆپیشاندانەکەدا ھەڵکرابوو، باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو قسانە."
ئەوەی یەکێتی دەیەوێ گوزارشتی لێ بکا و نایکا، ئەوەیە ئەو خۆپیشاندانەی سەیدسادق لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەدیاریکراویش بزووتنەوەی گۆڕانی لە پشتەوەیە و گەیاندنی دوو پەیامە، یەکەمیان گۆڕان دەیەوێ بۆ پارتی نیشان بدا ئەگەر بەشداریی حکومەتی پێ نەکا، ئایندەی چوار ساڵی داھاتووی حکومەت بەو شێوەیە دەبینێ کە چوار ساڵە سەقامگیر و ھێمنەکە لە ھەگبەکەی گۆڕانەوە کە براوەی یەکەمە لە پارێزگای سلێمانی. بەدەست ناھێنێ ئەو چوار ساڵەی نەوشیروان مستەفا گوتی دەیانەوێ چوار ساڵێ ئارامیی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بێ.
ھەرچی پەیامی دووەمیشە بەلای یەکێتییەوە ئەوەیە، گۆڕان دەیەوێ بۆ خەڵکی کوردستان و بەدیاریکراویش بۆ پارتی وەک پێکھێنەری سەرەکیی حکومەت بسەلمێنێ کە یەکێتی شەکەت بووە و چیتر توانای ئیدارەدانی ئەو زۆنەی خۆی نییە کە پێشتر چۆلەکەشی لە ئاسمانەوە دەھێنایە خوارەوە ئەگەر دژایەتیی کردبا.
مامۆستای کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین د.کامەران مەنتک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو دەڵێ ئەگەر گریمانەی بوونی پەیام لەپشتی خۆپیشاندانەکەی سەیدسادقەوە ھەبووبێ، ئەوا بۆ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەبێ نەک بۆ پ.د.ک.
لەبارەی مەسجەکەشەوە دەڵێ "گۆڕان بۆ یەکێتیی دەنێرێ بەوەی ئەگەر لە سەقفی داواکانی نەیەتە خوارەوە، ئەوا پشت بە شەقام دەبەستێ. ئەگەر گۆڕان مەسج بگەیەنێ ئەوا بۆ پارتیی نابێ، چونکە پارتی لەدوایین کۆبوونەوە بە یەکێتی گوتووە ئەگەر وەڵامیان نەدەنەوە لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ، ئەوا پارتی بێ یەکێتی حکومەت پێکدەھێنێ."
مەنتک پێیوایە دوورە پەرێزی گۆڕان لە خۆپیشاندەران، زیان بە گۆڕان دەگەیەنێ.
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ پێیوایە ئەگەر بارودۆخی سەیدسادق چارەسەر نەکرێ، خۆپیشاندانەکان شار و شارۆچکەی دیکەش لەکوردستان دەگرێتەوە.
سۆران عومەر کە بۆخۆی چووە نێو خۆپیشاندەرانی سەیدسادق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" ھیچ مەسجێکی ئامانجدار لەپشتی ئەو خۆپیشاندانەی سەیدسادقەوە نییە، ھیچ لایەنێ ناتوانێ خەڵک کۆنترۆڵ بکا بۆ ئەوەی بچنەوە ماڵەوە، ھیچ لایەنێ لە پشتی ئەو خۆپیشاندانانە نییە، ھیچ لایەنێ لەم کاتەی ئێستا نایەت خەڵک ھان بدات بە تایبەت لەسەروبەندی پێکھێنانی کابینە."
سۆران ئەو قسانەش رەتدەکاتەوە کە لە پشت خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق، دژایەتیی بە پارێزگا بوونی ھەڵەبجە هەبێ، گوتی:" رەنگە دانیشتوانی سەیدسادق ھەستیان بە مەغدوریی خۆیان کردبێ کە بێ خزمەتگوزاریین لەکاتێکدا ھەڵەبجە دەبێتە پارێزگا، بۆیە داوای باشتر کردنی رەوشی شارەکەیان دەکەن. خۆپیشاندانەکە بەتەواو خۆڕسکانە بوو."
ھەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەرۆژی یەکەمەوە لەرێگەی دەزگاکانی راگەیاندنییەوە تەرکیزی لەسەر خۆپیشاندانەکان ھەیە، بەتایبەت پاش پێکھێنانی لیژنەیەکی وەزاریی لە لایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گوێگرتن لە سەیدسادقییەکان و چارەسەری کەموکورتییەکانیان.
ئاری ھەرسین، پەرلەمانتاری پ.د.ک کە ئەویش بۆ خۆی چووە نێو خۆپیشاندەرانی سەیسادق لەبارەی خۆپیشاندانەکەوە دەڵێ ھۆکارەکەی نەبوونی خزمەتگوزارییە بە تەنیا.
هەرسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نازانم گۆڕان دەیەوێ پەیامی سیاسی بگەیەنێ یان نا، بەڵام گۆڕان دەنگی یەکەمە لە پارێزگای سلێمانی، بۆیە لە بەرژەوەندیی ئەو نییە ئەو رووداوانە روو بدەن. ئەگەر گۆڕان بیەوێ مەسج بگەیەنێ لەپشتی خۆپیشاندانەکانەوە کارێکی باش ناکا. بێ گومانم کە ھیچ ھێزێک لەپشتی خۆپیشاندانەکەی سەیدسادقەوە نییە."
news_share_descriptionsubscription_contact

