Abdel Ra'ouf D. A. R. Arnaout
02 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2024
قودس ــ AA
سوپای ئیسرائیل، کوژرانی فەرماندەیەکی ھێزەکانی لە باشووری لوبنان، ڕاگەیاند.
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فەرماندەیەکی یەکەی ئاگوز سەربە ھێزەکانی کۆماندۆی ئیسرائیل بە ناوی ئیتان ئۆستر ٢٢ ساڵ لە میانی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە باشووری لوبنان کوژراوە.
ئەوە یەکەمجارە، کوژرانی ئەفسەرێکی ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ڕابگەیەندرێت.
پێشتر پەیامنێری کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی، عەمیت سیگال لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی تێلێگرام، ناو و وینەی ئەو ئەفسەرە کوژراوەی سوپای ئیسرائیلی بڵاوکردبوویەوە و ڕاگەیاندبوو کە ئەفسەرەکە شەوی ڕابردوو لە لوبنان کوژراوە.
ھەروەھا پێشتریش سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە لە باشووری لوبنان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانیان و چەکدارانی حزبوڵڵا ڕوویداوە.
ھاوکات گوتەبێژی حزبوڵڵای لوبنان، محەمەد عەفیفی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: "چەکدارەکانمان لە میانی شەڕ و پێکدادانێکدا لە شارۆچکەکانی عەدیسە و مارون ڕەئەس باشووری لوبنان، ژمارەیەکی زۆریان لە ھێزەکانی دوژمن، کوشتووە".
ئاماژەی بەوەشداوە: "ئەوەی لە شارۆچکەکانی عەدیسە و مارون ڕەئەس ڕوویانداوە، تەنھا سەرەتایەکن و چەکدارەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ھێزەکانی دوژمن لە باشووری لوبنان، لەوپەڕی ئامادەباشیدان".