Zana Natık Kerem
29 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2018
جوبا ــ AA
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری سوودان رایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١١وە تا ئێستا، ، ٥٥ سەربازی ھێزی ئاشتیپارێزی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو وڵاتە کوژراون.
سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری سوودان، دەیڤید شیرر لە گوتەیەکدا کە بە بۆنەی ساڵیادی رۆژی جیھانی ھێزەکانی ئاشتیپارێز لە شاری جوبا پایتەختی باشووری سوودان پێشکەشی کرد رایگەیاند کە ھێزەکانی ئاشتیپارێز لە باشووری سوودان لە پێناو خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ئەو وڵاتە ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە، تەنانەت ھەندێکیان بوونەتە قوربانی و تا ئێستاش، ٥٥ سەرباز لە ھێزەکانی ئاشتیپارێز لەو وڵاتە کوژراون.
دەیڤید شیرر گوتیشی: "ستایشی رۆڵ و قوربانییەکانی ھێزی ئاشتیپارێز لە باشووری سوودان دەکەین ھەر بۆیە ئەمڕۆ وەک رێزێک یادی ئەوان دەکەینەوە".
سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان لە ئەرکەکانیان بۆ ھاوکاری و یارمەتیدانی ھاووڵاتییانی باشووری سوودان بەردەوامن و گوتی: "دڵنیام ئەمساڵ، ساڵی ئاشتی و سەقامگیر دەبێت بۆ باشووری سوودان".
ناوبراو ئەوەشی گوت: "بەدیھێنانی ئاشتی لە باشووری سوودان لە ئەستۆی سەرکردە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە دایە، ئێمە لە پێناو گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی، فشار دەخەینە سەر لایەنەکانی ئەو وڵاتە".
١٥ ھەزار سەرباز لە ھێزی ئاشتیپارێز، ھەزارو٥٠٠ پۆلیسی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوو ھەزارو ٥٠٠ فەرمانبەری مەدەنی لەگەڵ ٤٠٠ کەسی دیکە لە ٥٥ وڵات لەچوارچێوەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری سوودان کار دەکەن.