Ramal Mahmood
30 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2016
نیویۆرک - AA
- پاڵێوراوی پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هیلاری کلینتۆن: "هێنانەوە بەرباسی ئەم بابەتە بەزانیاری زۆر کەمەوە هەر رێک بەر لەهەڵبژاردنەکان ئێجگار سەیر و هەراسانکەرە".
- سەرۆکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵ، جەیمس کۆمەی: "نەخستنەڕووی ئەمە بۆ رای گشتیی بەمانای هەڵخەڵەتاندنی گەلی ئەمریکا دێت".
پاڵێوراوی پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هیلاری کلینتۆن رەخنەی لە سەرۆکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵ، جەیمس کۆمەی گرت بەوەی کە لەکاتێکدا ماوەیەکی کەمی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان بە زانیاری کەمەوە دەیەوێت دووبارەی رۆژەڤی لێکۆڵینەوە بێنێتەوە بەرباس. کۆمەی-ش بڕیاری سەرلەنوێ دۆسیەکردنەوە لەبارەی نامە ئەلیکترۆنییەکانی کلینتۆن بە پێویست زانی.
سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی لێکۆڵینەوە لە نامە ئەلیکترۆنییەکانی کلینتۆن و ناردنی نامەی ئاگاداری لەوبارەیەوە بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، کاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کلینتۆنی لێکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ئەمریکا کۆمەی گوتوویەتی: "لە دۆخی ئاساییدا نامەی ئاگاداری بۆ کۆنگرێس رەوانە ناکەین، بەڵام چونکە پێشتر گوتبوومان لێکۆڵینەوە تەواو بووە دووبارەکردنەوەی بابەتەکە وایکرد بەپێویستی بزانم نامەی ئاگاداری رەوانەی کۆنگرێس بکەم. نەخستنەڕووی ئەمە بۆ رای گشتیی بەمانای هەڵخەڵەتاندنی گەلی ئەمریکا دێت".
کلینتۆن-یش لەمیانی کەمپینی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی فلۆریدا رەخنەی لە سەرۆکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵ، جەیمس کۆمەی گرت بەوەی لەکاتێکدا ماوەیەکی کەمی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان بە زانیاری کەمەوە دەیەوێت دووبارەی رۆژەڤی لێکۆڵینەوە بێنێتەوە بەرباس.
کلینتۆن ئاماژەی بەوە دا کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵ هیچ بنەمایەکی یاسایی بەدەستەوە نییە بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە و لە خۆی دڵنیاییە و، گوتی: "هێنانەوە بەرباسی ئەم بابەتە بەزانیاری زۆر کەمەوە هەر رێک بەر لەهەڵبژاردنەکان ئێجگار سەیر و هەراسانکەرە".
کلینتۆن داوای لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵ کردبوو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە وەکو خۆی بخرێنەڕوو.