Emre Gürkan Abay
04 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ ئەوەی ئاشکرا کرد کە بوونی فینلاند بە ئەندام لە ناتۆ، گرژییەکانی ئێستا زیاتر دەکات و رایگەیاند: "لە روانگەی تاکتیکی و ستراتیجییەوە رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ دەستبەرکردنی ئاسایشی خۆمان".
پێسکۆڤ لە مۆسکۆ پایتەختی رووسیا، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و باسی لە بوونی فینلاند بە ئەندام لە ناتۆ کرد.
گوتەبێژی کرملین ئاماژەی بەوەشدا کە لە روانگەی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی رووسیاوە بەشێوەیەکی نەرێنی دەڕواننە فراوانبوونی ناتۆ و گوتی: "پێمانوایە کە ئەم هەنگاوە گرژییەکانی ئێستا زیاتر دەکات. ناتۆ دژبە رووسیا بەردەوام دەبێت لە نیشاندانی هەڵوێستی دوژمنکارانەی خۆی لە بوارە جیاجیاکاندا".
دمیتری پێسکۆڤ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ، هەنگاوی جۆراوجۆر دەگرێتەبەر و گوتیشی: "لە روانگەی تاکتیکی و ستراتیجییەوە رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ دەستبەرکردنی ئاسایشی خۆمان. ئەم رێوشوێنانەش بەو شێوەیە دەبن کە بە پێویستی دەزانین".
گوتەبێژی کرملین جەختی لەوەش کردەوە کە لە نزیکەوە چاودێری جێگیرکردنی چەکەکانی ناتۆ لە فینلاند دەکەن.
گوتەبێژی کرملین، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە لەنێوان ئەگەری ئەندامێتی ئۆکراینا لە ناتۆ و ئەندامێتی فینلاند، جیاوازییەکی گرنگ هەیە و ئاستەمە بتواندرێت ئەو دوو وڵاتە بەیەک بەراورد بکرێن.