21 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2020
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چاکسازی ریشەیی لە ناوخۆی خۆیدا ئەنجام نەدات لە میانی ٣٠ رۆژدا، سندوقی هاوکارییەکانی بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەوەستێنێت و داواشی کرد کە چین وەک بەرپرسیار لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) هەژماربکرێت.
لە بەرامبەریشدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، کاوۆ لیسیەن رایگەیاند "داوا لە ئەمریکا دەکەین واز لە تۆمەتبارکردنی ئەوانی دیکە بهێنێت، لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە رای گشتی بەلاڕێدا دەبات و هەوڵدەدات بە تۆمەتبارکردنی چین، دەستەوەستانی ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) پەردەپۆش بکات".
ئەم مشتومڕانە بووە هۆی دووبارە هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئەمەش کاریگەری لەسەر بۆرسەی ئاسیا دروست کرد.
لەم نێوەندەشدا نیشاندەری ئاستی بازرگانیی لە شاری شانگهای رۆژهەڵاتی چین بەڕێژەی سەدا ٠،٢ دابەزینی بەخۆوە بینی و گەیشتە ٢،٨٧٨ خاڵ.
لە ژاپۆنیش لە مانگی نیساندا هەناردەکردنی ساڵانە بەڕێژەی سەدا ٧،٢ و هاوردەکردن بەڕێژەی سەدا ٢١،٩ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بەراورد بەو ئاستەی چاوەڕوان دەکرا، بازرگانی دەرەکی لەو وڵاتە ٩٣٠،٤ ملیار یەن کورتهێنانی بەخۆوەبینیوە.
لە هیندستانیش نیشاندەری سەنسێکس سەدا ٠،٢ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣١،٠٠٧ خاڵ.
لە کۆریای باشوور نیشاندەری کۆسپی سەدا ٠،٥ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١،٩٩٩ خاڵ و لە هۆنگ کۆنگ، نیشاندەری هانگ سەنگ سەدا ٠،٣ هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە ٢٤،٣٣٨ خاڵ.