Meiramgul Kussainova
07 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوە کرد کە دوای رووداوەکانی شاری بوچا، سوپای رووسیا تاکتیکی خۆی گۆڕیوە و لەو ناوچانەی داگیری کردوون هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەکانی ئەنجامدانی تاوان دەکات.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ئەوەی خستەڕوو کە دوای رووداوەکانی شاری بوچا، هەڵوێستی جیهان بەرامبەر بە رووسیا گۆڕاوە.
سەرۆکی ئۆکراینا بانگەشەی ئەوەی کرد کە سەربازانی رووسیا لەو ناوچانەی داگیریان کردووە هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەکانی تاوان دەدەن و گوتی: "دوای رووداوەکانی شاری بوچا، سوپای رووسیا تاکتیکی خۆی گۆڕیوە. زانیاری ئەوەمان هەیە کە سەربازانی رووسیا لەو ناوچانەی داگیریان کردوون هەوڵی پاککردنەوەی کۆڵان و ژێرزەمینەکان لە تەرمی ئۆکراینییەکان دەدەن، بەڵام ناتوانن لە بەرپرسیارییەتی ئەنجامدانی ئەم تاوانانە هەڵبێن، چونکە هەزاران هاووڵاتی وڵاتەکەمان بێسەروشوێنن".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی جەختی لەوەش کردەوە کە هەوڵدەدەن لەڕێی لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنەوە تاوانەکانی رووسیا بخەنەڕوو، ئاماژەی بەوەش دا کە هەرچەندە وڵاتانی رۆژئاوا سزای قورسیان بەسەر رووسیادا سەپاندوە، بەڵام سزاکان وەک پێویست نەبوون.
زێلێنسكی باسی لەوەش کرد کە پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ وەستاندنی جەنگ.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژەی بەوەش دا کە رووسیا لەئێستادا، هێزی خۆی کۆدەکاتەوە و ئامادەکاری بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پەلامارەکانی دەکات و گوتیشی: "دەجەنگێین و ناکشێینەوە. تا کاتێک رووسیا بەجددی کار بۆ هێنانەکایەی ئاشتی نەکات، هەموو رێگایەک دەگرینەبەر بۆ بەرگریکردن لە خۆمان".