Dmitri Chirciu
28 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین رایگەیاند، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکردەیەکی "بەهێز" و " و جێی متمانەیە" و به ئاڕاستهی بەرژەوەندییەکانی تورکیا مامەڵە دەکات.
ڤلادیمیر پوتین لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی یانەی گەنگەشهی ڤالدایی نێودەوڵەتیی، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیا کرد.
پوتین لە وەڵامی پرسیاری "پێش دوو ساڵ شتی ئەرێنیتان دەربارەی ئەردۆغان گوت. ئایا بیروڕاتان گۆڕاوە؟"، گوتی: "سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان سەرکردەیەکی بەهێز و جێی متمانەیە، به ئاڕاستهی بەرژەوەندییەکانی گەلی تورکیا، ئابووری و تورکیا مامەڵە دەکات. هەڵویستەکانی ئەردۆغان لە وزە و دروستکردنی هێڵی بۆریی گازی سرووشتیی توركیش ستریم ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە".
سەرۆکی رووسیا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە پێشنیازی دامەزراندنی ناوەندێکی گازیان بۆ بەکارهێنەرە ئەورووپییەکان لە تورکیا کردووە و گوتی: "تورکیا لە بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەم پێشنیازەی قبوڵ کرد".
ڤلادیمیر پوتین باسی لەوەش کرد کە بەرژەوەندییەکانی رووسیا و تورکیا لە کەرتەکانی گەشتیاری، بنیاتنان و کشتوکاڵ ئاوێتهی یەکتر بووە و گوتی: "لەبەر ئەوه ئەردۆغان رێگە نادات ببێتە بارگرانی و لە بەرژەوەندی وڵاتی سێیەمدا مامەڵە بکات. لە پێواژووی دیالۆگەکانیشدا بەردەوام لەگەڵماندا داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات. لەم رووەوە تورکیا و ئەردۆغان هاوبەشێکی ئاسان نین. زۆرینەی بڕیارەکانی لە رێگەی دانوستانێک وەردەگیرێت کە درێژە و ئاسان نییە. هەردوولا ئارەزووی ریککەوتنیان هەیە و رێکدەکەوین. لەم رووەوە ئەردۆغان هاوبەشێکی سەنگین و جێی متمانەیە. ئەمەش باشترین تایبەتمەندییەتی".
پوتین ئەوەشی خستەڕوو کە ئەردۆغان داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی دەکات و ئەم دۆخەش کێشەی بۆ رووسیا درووست نەکردووە و گوتی: "ئەردۆغان لەپێناو ئەو بڕیارانە خەبات دەکات کە لەلایەن حکوومەتەکەیەوە بە گونجاو دەبینرێت. ئێمەش بۆ ئەوە خەبات دەکەین کە ئەو بڕیارانەی وەردەگیرێت لەگەڵ خۆماندا بگونجێنین. تەنانەت لە هەستیارترین پرسدا چارەسەر دەدۆزینەوە: سووریا، ئاسایش، ئابووری، ژێرخان. تاکو ئێستا توانیومانە ئەمە بکەین. ئەگەر بتوانین بە رێگایەکی قورسدا تیپەڕین و رێککەوتن ئەنجامبدەین، لەوە دڵنیاین کە دەتوانین ئەمە جێبەجێ بکرێت. گرنگترین تایبەتمەندیی پەیوەندییەکانمان متمانەکردن و سەقامگیرییە".