Heman Hussein Yaseen Yaseen
20 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2019
هەولێر - AA
دەزگای روانگە بە ھاوکاری رێکخراوی یو ئێن دی پی و دارایی یەکێتیی ئەورووپا، پرۆژەیەکی بۆ راھێنان و خستنەسەر کاری گەنجان ئامادە کردووە بەجۆرێک ئەو پڕۆژەیە دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەلی دامەزراندن و دۆزینەوەی کار بۆ گەنجان بڕەخسێت.
نوێنەرانی یو ئێن دی پی و دارایی یەکێتیی ئەورووپا و بەڕێوەبەری دەزگای روانگە لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر پڕۆژەکەیان راگەیاند و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگەش ئاماژە بەوە دەکات کە بڕی چوار ملیۆن یورۆ بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخانکراوە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە دەزگای روانگە، عەبدولسەلام مەدەنی بۆ ئاژنسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ ئەو پرۆژەیە نزیکەی چوار ملیۆن یورۆ تەرخانکراوە، ھەر یەکێک لەو گەنجانەی دێنە ناو پرۆژەکەوە، شەش تاوەکو هەشت مانگ راھێنانیان پێدەکرێت و لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەخرێنە سەرکار، ھەوڵ دەدەین بە جۆرێک سوود لەو راھێنانە وەربگرن بۆ دواتریش بە شێوەیەکی ھەمیشەیی لەسەر کارەکانیان بەردەوام بن".
عەبدولسەلام مەدەنی ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ئێستا ٥٠ کۆمپانیا بەشدارن و راشیگەیاند کە لە داهاتوودا ژمارەی کۆمپانیاکان و داواکارییەکان زیاتر دەبن و ئەمەشی بە پڕۆژەیەکی گرنگ بۆ دۆزینەوەی هەلی کاری گەنجان وەسفکرد.