Serkan Kaya
18 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2023
نیویۆرک - AA
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازی کرد لە دامەزرێنەری تێسلا و SpaceX ئیلۆن ماسک.
بە مەبەستی بەشداریکردن کە ٧٨مین خولی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتووەتە نیویۆرک و لە ماڵی تورک دیدارەکانی ئەنجام دەدات.
سەرکۆمار ئەردۆغان پێشوازی لە ئیلۆن ماسک کرد کە لەگەڵ کوڕەکەیدا هاتبوو.
لە دیدارەکەدا کە دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوە چوو، هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوە هاکان فیدان، پیشەسازی و تەکنۆلۆجیا محەمەد فاتح کاجر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پیشەسازیی، بازرگانی، وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی تورکیا مستەفا ڤارناک بەشدار بوون.
- ئەردۆغان داوای لە ماسک کرد کە ٧مین کۆمپانیای تێسلا لە تورکیا دابمەزرێنێت
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پەرەسەندنەکانی تەکنۆلۆجیا لە تورکیا و ڕوانگەی ئەو وڵاتە لەبارەی دیجیتاڵەوە و هەروەها هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ژیری دەستکرد، زانیاری دایە ئیلۆن ماسک.
ئەردۆغان بۆ ماسک باسی لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی دەستکردی تورکیا بە ناوی Togg کردووە و داواشی لێ کردووە کە ٧مین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی تێسلا لە تورکیا بکاتەوە.
ئەردۆغان خواستی هاوکاریی تورکیاشی لە بواری تەکنۆلۆجیای ئاسمانی بۆ ئیلۆن ماسک خستووتە ڕوو و لەم بارەیەوە خوازیار بووە کە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ SpaceX هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ماسک'ی بانگهێشتی پێشانگای TEKNOFEST کە لە ئیزمیر بەڕێوەدەچێت، کردووە.
دواتر سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەرۆغان کتێبێکی خۆی بە ناوی "دەشێ جیهانێکی دادپەروەرانەتر هەبێت" کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و هەروەها بەرهەمێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا کە باس لە ڕوانگەی تورکیا بۆ چاکسازی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، پێشکەش بە ئیلۆن ماسک کرد و تۆپێکی یارییشی دایە کوڕەکەی ماسک.