Turgut Alp Boyraz
15 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2020
قاهيرە - AA
پۆليسى ميسر هەڵيانكوتايە سەر نووسينگەى ئاژانسى ئانادۆڵو لە قاهيرە، و چوار كارمەندی ئاژانسەکەیان دەستگیرکرد كە يەكێكيان توركە و بۆ شوێنێكى نادياريان بردن.
تیمەکانی پۆلیسی میسر کاتژمێر ١٨:٠٠ بە کاتی ناوخۆی تورکیا ھەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە قاهیرە و کامێراکانی چاودێرییان داخست و هێڵی ئینتەرنێتی نووسینگەکەیان بچڕاند.
هێزە ئەمنييكان، دوای گەڕان وپشكنينيان لە نووسينگەكە، دەستيان بەسەر پاسپۆرت، مۆبايل و كۆمپيۆتەرەكانى كارمەندەكاندا گرتووە و رێيان لێگرتوون پەيوەندى نووسینگەکە و کارمەندانیان لەگەڵ دەرەوەدا پچڕاندووە.
- هۆكارى هەڵكوتانەكە ئاشكرانەكراوە
بە گوێرەى زانيارييەكانى پەيامنێرى ئاژانسى ئانادۆڵو، ئەو تيمانەى كە پشكنينيان ئەنجامداوە، رەتيانكردۆتەوە هۆكارى هەڵكوتانەسەرەكە بۆ پارێزەرى ئاژانسى ئانادۆڵو روونبكەنەوە.
پاشان تيمەكانى پۆليس، پارێزەرەكەيان دەركردووەتە دەرەوە و بەردەوامبوون لە سەر گەڕان وپشكنين.
- رۆژنامەنووسەكانيان بۆ شوێنێكى ناديار بردووە
تيمەكانى پۆليس، رۆژنامەنووسێكى ژنى ميسرييان ئازادكرد كە لە نووسینگەی ئاژانسى ئانادۆڵو كاري دەكرد و چوار رۆژنامەنووسى ديكە كە يەكێكيان توركە بۆ شوێنكى نادياریان بردوون.
لە نێو ئەوانەى كە دەستگیر کراون، بەرپرسى كاروبارى كارگێڕى و دارايى نووسينگەى ئاژانسى ئانادۆڵو لە قاهيرە، حيلمى باڵجى و هاووڵاتیى ميسرى حوسەين قەببانى و حوسەين عەباس و كارمەندى وەقفى لێكۆڵينەوەى ئابوورى و كۆمەڵگە، عەبدولسەلام محمەد هەن.
- لايەنە پەيوەنديدارە ميسرييەكان روونكردنەوە نادەن
پارێزەرانى ئاژانسى ئانادۆلو و باڵيۆزخانەى توركيا لە قاهيرە، داواى زانيارييان لە لايەنە پەيوەنديدارەكانى ميسر كردووە لەسەر هۆكارى هەڵکوتانەسەر نووسینگەکە و شوێنى رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان، بەڵام هيچ وەڵامێكيان بەدەست نەگەيشتووە.
- بەڕێوەبەرى گشتيى ئاژانسى ئانادۆڵو، شەنۆڵ كازانجى رایگەیاند، "پێويستە لايەنە پەيوەنديدارەكانى ميسر دەستبەجێ كارمەندانى ئاژانسى ئانادۆڵو ئازادبكەن".
بەڕێوەبەرى گشتيى ئاژانسى ئانادۆڵو، شەنۆڵ كازانجى لە روونكردنەوەيەكدا سەبارەت بەو بابەتە رايگەياند رەفتارى هێزەكانى پۆليسى ميسرى لە بەرامبەر مێديادا جێگەى قبوڵ نييە و گوتى: "پێويستە لايەنە پەيوەنديدارەكانى ميسر دەستبەجێ كارمەندانى ئاژانسى ئالنادۆڵو ئازادبكەن".
هەروەها كازانجى رايگەياند، ئاژانسى ئانادۆڵو براندێکی جيهانييە، ئەوان و لە نزيكەوە چاودێرى دۆخەكە دەكەن و تاكو كارمەندانى ئازاد نەکرێن بابەتەكە لە رۆژەڤى جيهانیدا دەهێڵنەوە.