ئەنقەرە
مایکڵ جیتی پرۆفیسۆرێکی ئەمریکییەو پسپۆری زمانی کوردییە، وەبیری ھێنایەوە لەرابردوودا پەروەردەی کوردی بەھۆی کاریگەریی زمانی بێگانەوە لەڕەوشێکی زۆر خراپدا بووە، لە ٣٠ ساڵی رابردوودا لەبەر قەدەغە کردنی زمان و کەلتووری کوردی لە تورکیا، کورد روو بەڕووی دوو بژاردە بوو بوویەوە یان بخوێنی بەزمانی تورکی یا پارێزگاریی لەکوردبوونی خۆی بکات و نەخوێنێ.
مایکڵ جیتی گوتی " کوردانی ناوشارەکان بەزمانی تورکی قسە دەکەن و بەتورکی بیر دەکەنەوە، بەڵام کوردانی دێھاتی نشین داب و نەریتی کوردەوارییان پاراستووە، دەبێ کورد وشەی کوردی بەبیرو عەقڵی کوردانەوە دابڕێژن، باشترین شوێنیش بۆ ئەوە گەڕانەوەیە بەرەو گوندەکان لەوێ زمانی کوردی پارێزراوە، سەرچاوەی زمانی کوردی لەوێیە. ئەگەر کورد وا نەکا زیان بەزمانەکەی دەگەیەنێ و چوار پارچەکەی لە یەکتر تێ ناگەن".
لەبارەی پەرەدان بە بەشی کوردی ئاژانسی ئانادۆڵو، مایکڵ گوتی "پێویستە پەیامنێران و موحەریرەکان خۆیان بەدوور بگرن لەزمانی تورکی، کورد بۆ ئەوەی لەیەکتر تێبگەن با بگەرێنەوە سەرچاوە کۆنەکانی خۆیان، ئەو سەرچاوانەش لەگوندەکاندا دەدوزرێنەوە"
پرۆفیسۆر مایکڵ جیتی، زیاتر ٣٠ساڵە کاردەکا لەسەر زمان و کەلتووری کوردی و پسپۆڕی زمانی کوردییە، ماوەیەک لەمەوبەر فەرھەنگی (کوردی - کرمانجی) بەزمانی ئینگلیزی لەچاپداوە، پێشتر بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی ئەمریکاVOA بووە و ئێستا مامۆستای زمانی کوردییە لەزانکۆکانی فەرەنسا و بەریتانیا.