Zana Natık Kerem
29 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2018
پاریس ــ AA
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لە بارەی لیبیا لە پارێس بەڕێوەدەچێت کە لە میانیدا بۆ یەکەمجار لایەنەکانی لیبیا کۆدەبنەوە.
کۆشکی ئیلیزێ رایگەیاندووە کە کۆنگرەکە بە دەستپێشخەری سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت کە نوێنەرانی ٢٠ وڵات لە نێویاندا ئەمریکا، چین، رووسیا و تورکیا تیایدا ئامادە دەبن.
ئامانج لە بەستنی کۆنگرەکە، چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەیە کە لەوەتەی رووخاندنی دەسەڵاتی موعەممەر قەزافی لە ساڵی ٢٠١١وە، رووبەڕووی لیبیا بووەتەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەکانەوە دەست کەوتوون، لایەنە سەرەکییەکان لە لیبیا رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر واژووکردنی پەیماننامەیەک کە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسی لە وڵاتەکەیان دیاری دەکات، ھەروەھا ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان بەر لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەدەچن.
چاوەڕوان دەکرێت، ئەمڕۆ سێشەممە لایەنەکانی لیبیا بە ئامادەبوونی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا، غەسان سەلامە و ژمارەیەک لایەنی پەیوەندار بە دۆسیەی لیبیا، ئەو پەیماننامەیە واژوو بکەن.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشداریکردنی لایەنە سەرەکییەکان لیبیا لە کۆنگرەکەی پاریس، دەبێتە دەرفەتێک بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەکە بە تایبەتیش کە بۆ یەکەمجارە ئەو لایەنانەی لیبیا لە میانی کۆنگرەیەکەدا کۆدەبنەوە کە پێشتر لە چوارچێوەی ھیچ ھەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی لیبیادا کۆنەبوونەتەوە.