Sangar Hamad Azeez
24 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2018
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت بەهۆی جەنگەوە لە سەرتاسەری جیهان ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی برسییەتیەوە هەڕەشەی مردنیان لەسەرە لە دوو ساڵی رابردوودا لە سەدا ٥٥ زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ١٢٤ ملیۆن کەس.
بەرپرسی پڕۆگرامی جیهانی خۆراک (WFP) دەیڤد بیسلی ئاماژەی بەوەکرد کە بەهۆی جەنگەوە بێمتمانەیی لە ئاسایشی خۆراک دروست بووە و ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری نەرێنی دروست کردووە.
ناوبراو تیشکی خستە سەرئەوەی کە نزیکەی ٨١٥ ملیۆن کەس لە جیهاندا نازانن کە ژەمی دواتر لە کوێ پەیدا بکەن و لەم ژمارەیەش لە سەدا ٦٠ لەو ناوچانەندان کە جەنگیان تێدایە و گوتیشی: "بەهۆی جەنگەوە لە سەرتاسەری جیهان ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی برسییەتیەوە مەترسی مردنیان لەسەرە لە دوو ساڵی رابردوودا لە سەدا ٥٥ زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ١٢٤ ملیۆن کەس".
بیسلی نەیشاردەوە کە لەو ١٢٤ ملیۆن هاووڵاتییەی کە بەهۆی برسییەتییەوە رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە ٣٢ ملیۆنیان لە وڵاتانی سۆماڵ، یەمەن، باشووری ئەفریقا و نێجیریایە.
ئەو بەرپرسە هۆشداری ئەوەیشی دا کە لە کیشوەری ئەفریقا بێ متمانەیی لە ئاسایشی خۆراک بوونی هەیە و گوتیشی: "لە بورکینافاسۆ، چاد، نیجەر، مالی و مۆریتانیا بە شێوەیەکی لە رادە بەدەر بەدخۆراکی بەدی دەکرێت".
لە پێنج ساڵی رابردوو رێژەی بەدخۆراکی لەسەر ئاستی جیهان لەسەدا ٣٠ زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ٤٩٠ ملیۆن کەس کە ٨٠ لەسەدی ئەو ژمارەیە منداڵن".
لەلایەکی دیکەوە جێگری بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان مارک لۆوکۆک رایگەیاند کە زۆر بەری حاڵەتەکانی برسییەتی لەو وڵاتانە بوونیان هەیە کە ماوەیەکی زۆرە جەنگ لێی بەردەوامە و گوتیشی دەتوانرێت بەر لەو رووداوانە بگیرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد کە لە جەنگەکان زۆر کات کێڵگەکان، بازار و ناوچەکە گشتییەکان دەکرێنە ئامانج و گوتیشی: " لە جیهان لە هەر سێ کەس کە رووبەرووی بریستییەتی بووەتەوە دوانیان لەو ناوچانەن کە جەنگیان لێییە".