Abdullah Shukur
15 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2018
نیویۆرک
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی، ریان زەینک لە کۆتایی ئەمساڵ واز لە کارەکەی دەھێنێت و دەست لەکاردەکێشێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "وەزیری ناوخۆ، ریان زینک لە دوای دوو ساڵ خزمەتکردن، لە کۆتایی ئەمساڵ واز لە ئەرکەکەی دەھێنێت. ریان ئەرکەکەی بە سەرکەوتوویی بەجێگەیاندووە، سوپاسی دەکەم بەھۆی ئەو خزمەتانەی پێشکەشی وڵاتەکەمانی کردووە".
ترەمپ راشیگەیاند کە ھەفتەی داھاتوو ئەو ناوە رادەگەیەنێت کە دەبێتە جێگرەوەی وەزیری ناوخۆ.
ریان زینکی تەمەن ٥٧ ساڵ لە دوای ٢٣ ساڵ خزمەتکردن لە ھێزەکانی دەریایی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨ خانەنشینکرا و ھاتە نێو جیھانی سیاسەت.
زینک لەوەتەی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری ناوخۆی ئەمریکا بەھۆی بڕیارە سیاسی و پەیوەندییەکانی خۆی ھەمیشە لە ژێر لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی دابووە.
لەوەتەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧، ژمارەیەکی زۆری وەزیری کابینەکەی و کەسانی نزیک لە خۆی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.