Ömer Tuğrul Çam
20 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2022
بڕۆکسل - AA
یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، ناتۆ و رێکخراوی ئاسایش و هەماهەنگیی ئەورووپا (OSCE) دەربارەی لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆسەر سنووری ئۆکراینا و ئاسایشی ئەورووپا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ و سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ و نوێنەری پۆڵەندا وەک سەرۆکی قۆناغی ئێستای رێکخراوی ئاسایش و هەماهەنگی ئەورووپا، ئامادەبوون.
یانس ستۆڵتنبێرگ دەربارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "ئاماژە بوو بۆ یەکگرتووییەکی بەهێز لە کاتێکی هەستیاری وەک ئێستادا".
هەروەها نووسینگەی جۆزێپ بۆڕێڵ لە راگەیەندراوێکدا، ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەبارەی لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆسەر سنووری ئۆکراینا و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی مۆسکۆ بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی ئاسایشی ئەورووپا، گفتوگۆیان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە بەشداربووان هاوڕابوون لەسەر پێویستی بەردەوام بوونی بنەماکانی پاراستنی رێکخراوی ئاسایش و هەماهەنگیی ئەورووپا.