Mohammed Hamood Ali Al Ragawi,Halime Afra Aksoy
09 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2023
ڕیاز - AA
شاندی ڕێکخراوی وڵاتانی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی کە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل و دەستەبەرکردنی ئاگربەستێک لە غەززە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان دەست پێکردووە و لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە سەردانی ئەمریکایان کردووە، لە بەکارهێنانی کارتی ڤیتۆ لە لایەن ئەمریکاوە دژ بە ئاگربەست لە غەززە کە لە چوارچێوەی ڕەشنووسێکدا خرابووە بەردەست ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن، نیگەرانن.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، شاندی ڕێکخراوی وڵاتانی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی لە درێژەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان، ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن کۆبوونەوە.
ئەندامانی شاندی ڕێکخراوی وڵاتانی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانیان لە بڕیاری ڤیتۆ کە ڕۆژی ڕابردوو لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دووهەمجار لە لایەن ئەمریکاوە دەرکرا، داوایان کرد کە، بە زووترین کات ئەمریکا بەرپرسیارێتی خۆی بە جێ بگەیەنێت بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل و ئاگربەست ڕابگەیەندرێت.
شاندەکە هەروەها ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و گەلی فەڵەستینیان کردووە و داوایان کردووە کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتی بگیرێت و پاراستنی خەڵکی سڤیل لەبەرچاو بگیرێت کە ڕۆژ بە ڕۆژ شایەتی پێشێلکاری زیاتر دەبین.
ئەندامانی شاندی ڕێکخراوی وڵاتانی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی هەروەها جەختیان لەوەش کردووە کە پرسی فەڵەستین بە جیا لە پرسی غەززە سەیر نەکرێت.
هەر یەکە لە وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سعوودیە، ئوردن، میسر و فەڵەستین شاندی ڕێکخراوی وڵاتانی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی بوون کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بڵینکن کۆبوونەوە.
لووتکەی ڕێکخراوی وڵاتانی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی کە ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووهەم لە سعوودیە بەڕێوەچوو، داوای کرد شاندێک لە لووتکەکە سەردانی هەر پێنج وڵاتی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشکردنە سەر غەززە وەگەڕ بخەن.