Hemin Hüseyin
11 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر- AA
-پەرلەمانتار ئایدن مەعرووف: "هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەوە کۆکن کە تەمەنی پەرلەمان درێژبکرێتەوە بەڵام لە میدیاکان موزایەدەی سیاسیی دەکەن".
-پەرلەمانتار قادر رەزگەیی: "ئێمە داوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانمان نەکردووە، بەڵکو داوای ئەوەمان کردووە کە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان بەیەکەوە ئەنجام بدرێت و داوای ئەوەشمان کردووە کە وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەران بکرێت".
پەرلەمانتارێکی کوردستان لەسەر لیستی بەرەی تورکمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک نیە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران هاوڕان کە هەڵبژاردنە گشتییەکان دوابخرێن بە هۆی ئەوەی پەرلەمان وەرزەکانی خۆی تەواو نەکردووە و پێویستە قەرەبووی ئەو دوو ساڵە بکرێتەوە کە لەکار کەوتبوو.
پەرلەمانتار ئایدن مەعرووف، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە بۆچوونی ئێمە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام نادرێت لەبەر ئەوەی رەوشی سیاسیی ناسەقامگیرە و ئاڵۆزی پێوە دیارە و پرسەکان چارەسەر نەکراون، کاتێکی کەمیش لەبەردەستە هەتاوەکو ئێستاش هیچ کاندیدێک نیە بۆ پەرلەمان، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەیەکەوە ئەنجام بدرێن بەڵام لە کاتێکی دیکەدا".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان رێککەوتنێک لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە رێککەوتنێکی سیاسی بکرێت و دەبێت ماوەی پەرلەمان درێژبکرێتەوە لەبەر ئەوەی ماوەی دوو ساڵ بوو پەرلەمان لە کار کەوتبوو، پێویستە تەمەنی پەرلەمان بە هەشت وەرزی یاساداناندا تێپەڕێت و تا ئیستاش پەرلەمان سێ وەرزی یاسادانانی بەڕێکردووە و پێویستە پێنج وەرزی دیکەش بەڕێبکات کە ئەوەش پێویستی بە دوو ساڵی دیکە هەیە لە ئێستاشدا فڕاکسیۆنی سەوز لەسەر ئەوە کار دەکەن و پێویستیشە ماوەکە درێژ بکرێتەوە بۆ کاتێکی دیاریکراو".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "پێم وایە هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەوە کۆکن کە تەمەنی پەرلەمان درێژبکرێتەوە بەڵام لە میدیاکان موزایەدەی سیاسیی دەکەن، ئەگەر نا هەموو دەزانن کە کێشە هەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کۆچی دوایی بەڕێز تاڵەبانی، هەموو ئەوانە کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە هەیە و ناتوانرێت لە ئێستادا بەڕێوەبچێت".
هاوکات پەرلەمانتارێکی فڕاکسیۆنی سەوز رەتی دەکاتەوە کە ئەوان داوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانییان کردبێت و ئاشکرایشی دەکات کە دوێنێ یاداشتێکیان داوەتە سەرکردایەتی حزبەکەیان بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەژین، بتوانن بەشداری پڕۆسەکە بکەن و هەندێک داواکاری دیکەش کە تایبەتە بە چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕۆسەکە.
پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان و بڕیاردەری لێژنەی ناوخۆ، قادر رەزگەیی، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە داوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانمان نەکردووە، بەڵکو داوای ئەوەمان کردووە کە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان بەیەکەوە ئەنجام بدرێت، ئینجا داوای ئەوەمان کردووە کە وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەران بکرێت و داوای ئەوەشمان کردووە کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پابەندی یاسا بێت، لەو بابەتانە سەرکردایەتی خۆمان ئاگادار کردووەتەوە".
رەزگەیی گوتیشی: "پڕۆسەی هەڵبژاردن و ریفراندۆم لەیەکتر جیاوازن و بەپێی ئەو مەرجە یاساییانە کە هەیە بۆ تۆمارکردنی قەوارە و کاندیدەکان بە و شێوەیە مامەڵە نەکراوە و پێمان وایە دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و دەبێت پابەندبوون هەبێت بە یاسای هەڵبژاردنەکان".
سەبارەت بە کۆبوونەوەی فڕاکسیۆنی سەوز لەبارەی نوسینەوەی یاداشتێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، قادر رەزگەیی گوتی: "ئێمە داوای درێژکردنەوەمان نەکردووە و پێویستە بۆ ئەم بابەتە هەموو لایەنە سیاسییەکان بگەنە رێککەوتنێک، هاوکات باسی ئەوەمان کردووە کە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشداری پڕۆسەکە بکەن، بەشداری پێکردنی ئەو ناوچانەش پێویستی بە هەموارکردنی یاسایە و لە ئێستاشدا ئەوە بە پەرلەمان ناکرێت چونکە پێویستی بە بوعدی یاسایی و سیاسییش هەیە".
ئەمە لە کاتێکایە کە بڕیارە رۆژی ١/١١/٢٠١٧ پڕۆسەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.