Heman Hussein Yaseen
05 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2024
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت کە تیاییدا کێبڕکێ لە نێوان دوو بەربژێر هەیە کە بریتین لە دۆناڵد تڕەمپ کاندیدی کۆمارییەکان و کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان.
سیستەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە ئەمریکا میکانیزمێکی جیاوازی هەیە، ئەویش بریتییە لە سیستەمی ئیلیکتۆڕەڵ کۆلێج کە بریتییە ھەڵبژاردنی سەرۆک بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ.
بەپێی ئەم سیستەمە، دەنگدەران دەنگ بە دەستەیەک دەدەن، ژمارەی ئەندامەکانی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانە، هەروەها سێ ئەندامیش بۆ واشنتۆن وەک پایتەختی وڵات هەیە، واتا دەستەکە بریتییە لە ٥٣٨ ئەندام چونکە ژمارەی نوێنەرانی هەر ویلایەتێک بەپێی ژمارەی دانیشتووان دادەنرێت.
بۆ دەرچوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، هەر بەربژێرێک پێویستە سەدا ٥٠+١ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەم پێیەش هەر بەربژێرێک پێویستی بە ٢٧٠ دەنگ هەیە بۆ ئەوەی وەک ٤٧هەمین سەرۆکی ئەمریکا کورسییەکەی کۆشکی سپی دەستەبەر بکات.
سەرۆکی ئیسنتیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی –کوردی کارۆخ خۆشناو ئاماژەی بەوە دەکات کە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بە تەواوی جیاوازن بە تایبەت لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوە، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو کە دیموکراتەکان لە دۆخی فەڵەستین، باوەڕیان بە چارەسەری دوو دەوڵەتیی هەیە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەی یاسایی و دەستوورییە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت.
سەرۆکی ئیسنتیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی – کوردی کارۆخ خۆشناو، لە بارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمریکا هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە، چونکە واشنتۆن چەقی یەکلاکەرەوەی بڕیارە سیاسیی و ستراتیژییەکانی جیهانە، ئەم هەڵبژاردنەش یەکلاکەرەوەیە چونکە بە گۆڕانی سەرۆکی وڵات، بەپێی ماددەی دووی دەستووری ئەمریکا، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتیش لە دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ئەوەی ڕەنگڕێژی بکات، ئەگەر بێت و کامالا هاریس ببێتە سەرۆکی ژمارە ٤٧ی ئەمریکا، ئەمە گۆڕانکارییەکی جەوهەرییە لە بوونی ژنێک بە سەرۆکی ئەمریکا چونکە پێشتر هیچکام لە سەرۆکەکانی دیکەی ئەمریکا ئافرەت نەبوونە، بەڵام وەکو سیاسەتی دەرەوە و ستراتیژیەتی دیموکراتەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، چونکە کامالا هاریس کە جێگری سەرۆکی ئەمریکایە و ئەو سیاسەتەی لە چوار ساڵی ڕابردوو پیادە کراوە، ئەوا هاریس تەواوکەری ئەم سیاسەتە دەبێت بۆ جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی".
لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن لەسەر دۆخی فەڵەستین، سەرۆکی ئیسنتیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی – کوردی کارۆخ خۆشناو گوتی: "بۆ هەوڵدان بۆ ئەوەی ئاگری ئەم شەڕە لەم ناوچەیەدا فراوان نەبێت، ئەوا سیاسەتی دیموکراتەکان لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتن لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان، هەروەها بەرامبەر ئۆکراینا و ڕووسیا، کامالا هاریس لەگەڵ بەردەوامی پێشکەشکردنی هاوکارییە ماددی و لۆجستی و چەک و تەقەمەنییە بە ئۆکراینا بۆ ئەوەی بەرامبەر بە ڕووسیا بوەستێت چونکە ئەوان ڕووسیا بە مەترسی لەسەر دیموکراسیەتی جیهانیی لەقەلەم دەدەن، لەبەر ئەوە هەڵبژاردنێکی گرنگە ئەمە لە سیناریۆی یەکەم ئەگەر کامالا هاریس ببێتە سەرۆک، ئەوا بەردەوام دەبێت وەک چوار ساڵی ڕابردوو".
کارۆخ خۆشناو گوتیشی: "ئەگەر تڕەمپ بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، ئەوا گۆڕانکارییەکی تەواو لە سیاسەتی دەرەوە ڕوودەدات، تڕەمپ خۆی دروشمەکەی ئەوەیە زیاتر هەوڵدەدات ڕووی لە ناوەخۆی ئەمریکا بێت، وەک چوار ساڵی یەکەم کە لە ٢٠٢٦ – ٢٠٢٠ سەرۆکی ئەمریکا بوو، ئەمریکای بەرەو گۆشەگیریی دەبات، زیاتر ڕووی لە باشکردنی ئابووری خەڵکە و کەمتر گرنگی بە هاوپەیمانەکان دەدات و کەمتر گرنگی بە ڕێککەوتننامەکان دەدات، بۆ نموونە ڕێککەوتننامەی کەشوهەوای پاریس (مەناخ) ڕەنگە لێی بێتە دەرەوە، کە دیموکراتەکان چووبوونە ناو ڕێککەوتنەکە، هەروەها پەیوەندی تڕەمپ باشە لەگەڵ هەندێک لەو سەرکردانەی کە دیموکراتەکان بە دیکتاتۆری لە قەلەم دەدەن، بۆ نموونە سەرۆک پۆتین، سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆن ئون ، سەرۆکی چین، شی جین پینگ، دۆناڵد تڕەمپ لێدوانیداوە کە ئەگەر بگەڕێتەوە ئەوا دەتوانێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا شەڕی نێوان ئۆکڕاینا و ڕووسیا ڕابگرێت".
سەرۆکی ئیسنتیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی – کوردی کارۆخ خۆشناو ئاماژە بەوەش دەکات کە دۆناڵد تڕەمپ کەسایەتییەکی پێشبینینەکراوە و زۆرجار ناگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی بڕیاردان و تاکلایەنە بڕیار دەدات و لەمبارەیەوە گوتی: "دۆناڵد تڕەمپ کە هەندێکجار کەسایەتییەکی پێشبینینەکراوە، ئەو کاتەی کە لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکادا بوو، بینیمان کە زۆرجار بە توویتێک بڕیارێکی دەردەکرد بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی بڕیاردان، بۆیە کەسایەتییەکی پێشبینینەکراوە ئەویش هۆکارەکەی ئەوەیە کە پاشخانێکی قووڵی سیاسیی نیە، کارەکتەرێکی ناوازەیە لەناو سیاسەتی ئەمریکا، چاوەڕوانییەکان ئەوەن کە ئەگەر تڕەمپ ببتەوە سەرۆک، ئەوا وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا دوودڵ و ڕاڕا دەبن کە چۆن بگونجێن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا".
کارۆخ خۆشناو گوتیشی: "پێموایە ئەگەر تڕەمپ بگەڕێتەوە دەسەڵات، ئەوا زۆر توندتر دەبێت لەگەڵ پڕۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، وەک حەشدی شەعبی، حزبوڵڵا، حەماس، حووسییەکان و هەندێک گرووپی دیکە لە سووریا، تڕەمپ سڵ ناکاتەوە لە بەکارهێنانی هێز، لە خوولی پێشوو بینیمان، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران قاسم سلێمانی، هەروەها بەناو خەلیفەی گرووپی تیرۆریستی داعش ئەبوبەکر بەغدای لەسەر دەستی تڕەمپ بڕیاری لەناو بردنیان درا، بۆیە ئەگەر تڕەمپ بگەڕێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئێران توندتر دەبێت و بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادات ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی کە ئەمە هێڵی سوورە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسایشی ئیسرائیل دەبنێتە خاڵی یەکەمی کارکردنی تڕەمپ، واتا بە هیچ شێوەیەک درێخی ناکات لە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، هەروەک بینیمان لە خوولی یەکەمدا، دۆناڵد تڕەمپ باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە تەل ئەبیب گواستەوە بۆ قودس کە هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا جورئەتی ئەوەی نەبووە ئەم هەنگاوە بهاوێژێت لەبەر وڵاتانی ئیسلامیی، بۆیە سیاسەتی تڕەمپ زیاتر پشتگیریی ئیسرائیل دەکات".
لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و کاریگەرییە سیاسیی و ئابوورییەکانی لەسەر عێراق، سەرۆکی ئیسنتیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی – کوردی کارۆخ خۆشناو گوتی: "پەیوەندی عێراق و ئەمریکا، پەیوەندییەکی یاسایی و دەستوورییە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەیەکی ستراتیژییە کە پێی دەڵێن سۆفا کە لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا هەیە، ئەم ڕێککەوتننامە ستراتیژیییە چوار تەوەر لە خۆ دەگرێت کە بریتیین لە، سیاسیی و دیپلۆماسی، ئابووری و وزە، ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەروەها کولتووری و تەندروستی و خوێندنی باڵا، بۆیە بە گشتی ئەم پەیوەندییەی نێوان عێراق و ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتننامەیە ڕێکخراوە کە لە بەرژەوەندی عێراق و ئەمریکادایە بەڵام بە دڵنیاییەوە زیاتر لە بەرژەوەندی عێراقە چونکە ئابووری عێراق بەندە بە دۆلاری ئەمریکایی، بۆیە بە گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق، پەیوەندییەکی یاسایی و دەستوورییە، دیموکراتەکان سەرکەون یان کۆمارییەکان، هیچ گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا ڕوونادات، بەڵام ئەم جیاوازییە هەیە دیموکراتەکان نەرمترن و موڕاعاتی حکوومەتی بەغدا دەکەن، بەڵام پێموایە تڕەمپ توندتر دەبێت لەگەڵ میلیشیاکان بە تایبەت ئەوانەی بە وەلائی ناسراون (هاوسۆزیان بۆ ڕابەرى باڵای شۆڕشی ئێران، خامنەیی) هەیە یان ئەوانەی لە بەرەی مقاوەمەن (گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق نزیک لە ئێران) و سڵ ناکاتەوە لەوەی هێز بەکاربهێنێت".