Raşa Evrensel
23 حوزەیران 2025•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2025
ئیستانبوڵ ــ AA
لە ئاکامی هێرشێکی تیرۆریستییدا کە کرایە سەر کڵێسایەک لە دیمەشق پایتەختی سووریا، ٢٢ کەس کوژران و ٦٣ی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سووریا سانا بڵاویکردەوە کە هێرشێکی تیرۆریستی، کڵێسای مار ئیلیاسی لە گەڕەکی دوەیلعە لە دیمەشقی پایتەخت کردووەتە ئامانج.
ئاژانسەکە لە زاری وەزارەتی تەندروستیی سووریا بڵاویکردووەتەوە کە لە ئاکامی پەلامارە تیرۆریستییەکەدا، ٢٢ کەس کوژراون و ٦٣ی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە پەلامارە تیرۆریستییەکە لە ڕێگای خۆکوژێکی سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامدراوە.
ھەروەھا لەسەر ئاستی عەرەبی و نێودەوڵەتییدا، پەلامارە تیرۆریستییەکەی سەر کڵێسای مار ئیلیاسی لە گەڕەکی دوەیلعە لە دیمەشقی پایتەخت، سەرکۆنە کراوە.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی پەلامارە تیرۆریستییەکە ڕانەگەیاندووە.