Emre Gürkan Abay,Muhammet Ali Kemal
15 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2018
مۆسکۆ- AA
- 'ئەم پرۆژە تاکلایەنەیەی ئەمریکا کە هاوشێوەی ئاگادارکردنەوەیە لە پێناو دامەزراندنی سوپایەکدا لە سووریا، رەنگە ببێتە مایەی درووستکردنی کێشە لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و کوردەکاندا و ناتوانێت هاوکاری کپکردنەوەی ئەو دۆخە بێت کە لە عەفرین هەیە. ئامانجی ئێمە لە عەفرین دەستەبەرکردنی ئاگربەستێکی تەواوەتییە''.
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند "هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ درووستکردنی سوپایەک لە سووریا کە زۆرینەی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (رووکەشی پەیەدە/پەکەکە) پێکدێت، مایەی نیگەرانییە".
سێرگی لاڤرۆڤ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە مۆسکۆی پایتەخت سازیی کرد و سەبارەت بە پلانەکانی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی ''هێزی ئاسایشی سنوور'' لە سووریا، رایگەیاند ''ئێمە پێمان وایە ئەم بڕیارە تاکلایەنەیە کە هاوشێوەی ئاگادارکردنەوەیە، زیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگەیەنێت''.
لاڤرۆڤ ئاشکرای کرد بڕیارەکە بە مانای ئەوە دێت کە ناوچەیەکی بەرفراوان لە سووریا لەسەر سنووری هەریەک لە تورکیا و عێراق دادەبڕێنرێت و رایگەیاند ''بە هۆی ئەم بابەتە جددییەوە ئەو هەنگاوانەی سەبارەت بەو ناوچانەی سووریا دەگیرێنە بەر، نیگەرانیی بەدوای خۆیاندا دەهێنن''.
وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی لەوەکرد بڕیارەکەی ئەمریکا لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێککەوتننامەکانی پێشتردا یەکناگرێتەوە و رایگەیاند ''هاوشێوەی هاوتا تورک و ئێرانییەکانمان، ئێمەش چاوەڕوانی روونکردنەوەی ئەمریکاین لەوبارەیەوە. پێمان وایە ئەو بڕیارە رەنگە زیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگەیەنێت''.
سێرگی لاڤرۆڤ سەبارەت بە دۆخی کوردانی سوویا، رایگەیاند ''ئەم پرۆژە تاکلایەنەیەی ئەمریکا کە هاوشێوەی ئاگادارکردنەوەیە لە پێناو دامەزراندنی سوپایەکدا لە سووریا، رەنگە ببێتە مایەی درووستکردنی کێشە لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و کوردەکاندا و ناتوانێت هاوکاری کپکردنەوەی ئەو دۆخە بێت کە لە عەفرین هەیە. ئامانجی ئێمە لە عەفرین دەستەبەرکردنی ئاگربەستێکی تەواوەتییە''.
لاڤرۆڤ وەبیری هێنایەوە لەگەڵ هەریەک لە تورکیا و ئێراندا بەردەوامن لە کارەکانیان سەبارەت بە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا و رایگەیاند:
''هیوامان وایە هاوبەشە تورکەکانمان هەرچی زووە کارەکانی دامەزراندنی خاڵەکانی چاودێریی لە ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب و دەورووبەری لە پێناو رێگرییکردن لە شەڕانگێریی نوێ، تەواو بکەن. لە ئێستادا سێ خاڵی چاودێریی دامەزرێنراون و کۆی گشتیی ٢٠ خاڵی چاودێریی دادەمەزرێنرێت. ئومێدەوارین لە رێگەی دامەزراندنی ئەم خاڵانەوە دۆخی ئیدلب ئارام ببێتەوە''.