Muhammet Ali Kemal
29 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2017
نەتەوەیەکگرتووەکان- AA
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بانگەشەکانی دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەری رێکخراوەکە بۆ سووریا، ستافان دی میستورای بەدرۆ خستەوە.
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، فەرحان حەق لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا ئاشکرای کرد، سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس پشتیوانیی لە نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا دەکات و دی میستوراش بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکەی.
لەلایەکی دیکەوە دوێنێ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە ئوردن، لەکاتی سەردانی کەمپی پەنابەرانی زەعتەریدا سەبارەت بەدەنگۆکانی دەستلەکارکێشانەوەی دی میستورا، گوتی: ''ستافان دی میستورا کارێکی نایاب ئەنجام دەدات. سەرکەوتوو بوو لەوەی لایەنە شەڕکەرەکانی سووریا لە جنێڤ کۆبکاتەوە. کۆبوونەوەکان بەردەوامن و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم. بەئومێدی ئەوەی کۆبوونەوەکان ببنە هەنگاوی یەکەمی ئەو رێگایەی بەرەو چارەسەرێکی گشتگیری سیاسیی دەڕوات''.