Mazın Asad
04 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2017
ھۆبەی ھەواڵگری پۆلیسی دانیمارک سکاڵای یاسایی دژی رۆژنامەیەک تۆمار کرد کە لەتەک رۆژنامەکەدا کتێبێکی قەدەغەکراو دابەش دەکات.
سەرەڕای ئەوەی کتێبی "حەوت ساڵ بۆ ھۆبەی ھەواڵگری پۆلیسی دانیمارک (PET) –سەردەمی Jacob Sharf" لەلایەن دادگای دانیمارکەوە قەدەغە کراوە، کەچی رۆژنامە پۆلیتیکان لەگەڵ بڵاوکردنەوەی رۆژنامەکەی ئەو کتێبە بڵاودەکاتەوە و بەھۆیەوە سکاڵانامەیەک دژی ئەو رۆژنامەیە تۆمار کرا.
لە سکاڵانامەکەدا داوای قەرەبووکردنەوە بە ١٥ ملیۆن کرۆن و زیندانیکردنی سەرنووسەری رۆژنامەکە، کریستیان جێنسن بۆ ماوەی چوار مانگ کراوە.
ناکۆکی نێوان ھۆبەی ھەواڵگری پۆلیسی دانیمارک و رۆژنامەی پۆلیتیکان لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەبارەی سکاڵانامەکەدا تاوەکو ئێستا ھیچ بەروارێک بۆ دانیشتنی دادگا لەوبارەیەوە دیاری نەکراوە.
کتێبەکە لەلایەن نووسەری رۆژنامەکە مۆرتن سکۆڵداگر نووسراوە کە باسی چالاکییەکانی حەوت ساڵی پێشووی ھۆبەی ھەواڵگری پۆلیسی دانیمارک و بەڕێوەبەری پێشووی ئەو ھۆبەیە ژاجۆب شارف دەکات. ھۆبەی ھەواڵگری پۆلیسی دانیمارکیش لەبارەی کتێبەکەوە ئاماژە بەوە دەکات کە کتێبەکە زانیاری نھێنی و ھەستیاری تێدایە و بەو ھۆیەوە سکاڵایەکی لە دادگا تۆمار کردبوو.
بە بڕیاری دادگا لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ کتێبەکە لە دانیمارک قەدەغە کرا. سەرەڕای قەدەغەکردنی کتێبەکە، کەچی ئەو رۆژنامەیە پێنج ھەزار دانەی لێ چاپ کرد و دابەشی کرد.