Heman Hussein Yaseen
29 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2022
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ھۆڵەندا، کایسا ئۆلینگرێن کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگریی ھۆڵەندا ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەھێز لەنێوان ھۆڵەندا و ھەرێمی کوردستان ھەیە و بەردەوامبوونی ھاریکاریی، ھەماھەنگی ئەمنی و سەربازیی و پشتگیریکردنی پێشمەرگەی لەلایەن وڵاتەکەی دووپاتکردووەتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانی شانشینی ھۆڵەندای کردووە کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە پشتگیریکردنی ھەرێمی کوردستان، هەروەها پێزانینی بۆ ھۆڵەندا ھەبووە کە یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی پلان و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمە لە بواری ھەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە داوە کە بریتی بووە لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و رایگەیاندووە کە ھەردوولا سەرکۆنەی ھێرش و پەلامارەکانی سەر ھەرێمی کوردستانیان کردووە و جەختیان لە پێویستیی رێزگرتن و پاراستنی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان و کۆتاییھاتنی ھێرش و دەستدرێژییەکان کردووەتەوە.
مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و رێز لەیەکترگرتن و بەرژەوەندی ھاوبەش.
ھاوکات بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆسەی یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.