Esra Taşkın
01 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2023
پاریس - AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بەهۆی ئەو رووداوانەی کە دوای کوژرانی گەنجێک بە دەستڕێژی گوللەی پۆلیس تەواوی وڵاتی گرتەوە، ئەو سەردانەی دواخست کە بڕیار بوو لە رۆژانی ٢-٤ی تەمووز بۆ ئەڵمانیا ئەنجامی بدا.
دوای کوژرانی شۆفێرێکی گەنج بە ناوی نایل م. لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللەی پۆلیس لە رۆژی ٢٧ی حوزەیران لە شاری نانتێرێ، شەوانە لەو وڵاتەکەدا خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت.
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی BFMTV، بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، ماکرۆن ئەو سەردانە فەرمییەی دواخست کە بڕیار بوو رۆژانی ٢-٤ی تەمووز بۆ ئەڵمانیا ئەنجامی بدات.
لەو روونکردنەوەی کە لەلایەن کۆشکی ئەلیزە'وە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ماکرۆن و سەرکۆماری ئەڵمانیا، فرانک ڤالتەر شتاینمایەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە ماکرۆن بەهۆی بارودۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە، دەیەوێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لە فەڕەنسا بمێنێتەوە، هەروەها هەردوو سەرکردە هاوڕابوون لەسەر دواخستنی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ئەڵمانیا.
- رووداوەکە
رۆژی ٢٧ی حوزەیران لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، لە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک کە سێ کەسی تێدابوو و گوێیان بە ھۆشداری "بوەستە"ی پۆلیس نەدا، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بەھۆی دەستڕێژی پۆلیسەوە کوژرا.
لەکاتێکدا لەبارەی رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستی پێ کرد، کاردانەوە بەرامبەر بە مردنی نایل نیشان درا، لە شارە جیاوازەکانی سەرتاسەری وڵات خۆپیشاندەران رژانە سەر شەقامەکان و لەگەڵ پۆلیسدا پێکدادان دروست بوو.