Ramal Mahmood
09 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش جەنەڕال جۆن دۆریان، ئاماژەی بەوە دا کە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات شاری رەققە رزگار بکرێت، رایگەیاند: "لەمیانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی رەققەدە مانگی رابردوو ٣٠٠ هێرشی ئاسمانیمان کردووەتە سەر ئامانجەکانی داعش، بەمجۆرەش توانای داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان کەمبووەتەوە".
دۆریان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە بەغداوە بەشداری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کرد و تاوتوێی پێشهاتەکانی کرد.
دۆریان ئاماژەی بەوە دا کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم مانگەی دواییدا بنکە و بارەگاکانی داعش و ئەو شوێنانەی داهاتی فرۆشتنی نەوتییان لێ دەست دەکەوێت کردووەتە ئامانج، گوتی: "لەمیانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی رەققەدە مانگی رابردوو ٣٠٠ هێرشی ئاسمانیمان کردووەتە سەر ئامانجەکانی داعش، بەمجۆرەش توانای داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان کەمبووەتەوە".
باسی لە رۆڵی پەیەدەش کرد کە لە ژێر ناوی سوپای سووریای دیموکرات لە ئۆپەراسیۆنی رەققەدا بەشداری دەکەن، ئاماژەی بەوە دا کە هەزار و ٥٠٠ چەکداری دیکەی سوپای سووریای دیموکرات بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی رەققە مەشق و راهێنانیان پێ دەکرێت. تیشکیشی خستە سەر ئەوەی لە سەدا ٩٠ی ئەو کەسانەی پێشتر بۆ ئەم مەبەستە راهێنانیان پێکرابوو و نێردرانە بەرەکانی جەنگ لە نەتەوەی عەرەب بوون.
ناوبراو ئەوەیشی خستە روو کە سوپای سووریای دیموکرات و هێزە خۆجێیکانی منبج پێکەوە یەکەیەکی کارگێرییان پێکهێناوە و ئەم یەکەیە دەروازەی قوتابخانەکانی ئەم ناوچەیەی سەرلەنوێ کردووەتەوە.
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە بارەی بوونی چەکدارانی پەیەدە لە منبج باسی هیچی نەکرد.
دۆریان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا بەمەبەستی کەمکردنەوەی بارگرژییەکان لە ناوچەکە بەپەلە کۆبوونەوەیان لەگەڵ تورکیا، سوپای سووریای دیموکراتی و لایەنەکانی دیکەی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە، ئەو زانیارییەیشی پشتڕاستکردەوە کە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە پشتیوانی سووپای تورکیایان کردووە لە ئۆپەراسیۆنی دەوروبەری ئەلباب.
دۆریان جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە لەسەر داوای هێزە عێراقییەکان نەخۆشخانەیەکیان لە مووسڵ کردووەتە ئامانج کە هاووڵاتی سیڤیلی لە ناودا نەبوون، بەڵکو هەڕەشەی درووستکردووە لەسەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق. ئاماژەی بەوەشدا کە لەو بارەیەوە هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک ئەنجام نەدراوە.