Zana Natık Kerem
01 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2018
قودس ــ AA
وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر یاسای (نەتەوەیی جوولەکە) لە شاری قودسی رۆژھەڵات و لە شار و گوندە عەرەبنشینەکانی ناوەوەی فەڵەستین (زەوییەکانی ٤٨) دەست بە مانگرتنی گشتی کرا.
لەگەڵ مانگرتنەکەدا، دەرگای قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان، ھەروەھا فرۆشگاکان داخران و ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلیش وەستا.
ئەندامی لیستی عەرەبی ھاوبەش لە پەرلەمانی ئیسرائیل، مەسعود غەنایم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، مانگرتنەکەی بە کارێکی باش وەسفکرد و گوتی: "دەتوانم بڵێم دانیشتوانە عەرەبنشینەکان بەم مانگرتنە کارێکی باشیان کردووە و ھەمووان پێوەی پابەندن".
مەسعود غەنایم داوایشی لە لایەنەکانی فەڵەستین کرد کە بە ھەمان شێوە لە شاری قودسی رۆژھەڵات دەست بە مانگرتنی گشتی بکەن، ھەروەھا داوایشی لە لیژنەی بەدواداچوونی باڵای جەماوەری عەرەبی لەناوەوەی فەڵەستین کرد کە مانگرتنی گشتی لە شار و گوندە عەرەبشنینەکان رێکبخات.
ھاوکات ھێزێکی زۆری پۆلیسی ئیسرائیل لە سەرانسەری شاری قودسی رۆژھەڵات بە تایبەتیش لە شارۆچکەی کۆن و دەورووبەری بڵاوبوونەوە.
ئەو ئەندامەی لیستی عەرەبی ھاوبەش لە پەرلەمانی ئیسرائیل گوتیشی: "گەلی فەڵەستین کە لە زەوییەکانی ساڵی ١٩٦٧ نیشتەجێن، دەستیان بە مانگرتن کردووە و ئەم یەکگرتووەی ئەوان پێویستە بۆ رەتکردنەوەی یاسای نەتەوەیی جوولەکە، چونکە یاساکە زیان بە ھاووڵاتییانی فەڵەستینیش دەگەیەنێت".
مەسعود غنایم ئەوەیشی گوت "یاسای نەتەوەیی جوولەکە زیان بە ھەموو پرسەکانی گەلی فەڵەستین دەگەیەنێت بۆیە دەبوایە گەلی فەڵەستین بۆ رەتکردنەوەی یاساکە، چالاکییەکی یەکگرتوو ئەنجام بدەن".
مانگرتنەکەش ھاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی "شکۆی قودس و ئەقسا" کە فەڵەستینییەکان یادی ئەو کەسانە دەکەنەوە کە لە بەرامبەر ناڕەزایی دەربڕین لە ھەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە لایەن سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، ئەرئیل شارۆن بە گوللـەی پۆلیسی ئیسرائیل کوژران.
مەسعود غەنایم راشیگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا، ھێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل بە بیری یاسای نەتەوەیی جوولەکە، تەقەیان لە ھاووڵاتییانی فەڵەستین کردووە، ھەرچەندە ئەو کات ھێشتا یاساکە دەرنەکرابوو، بەڵام پۆلیسی ئیسرائیل بەو شێوەیە مامەڵەیان کردووە کە تەنھا جوولەکە بوونیان ھەیە و ھاووڵاتییانی عەرەب ھیچ بوونیان نییە.
لە ١٩ی مانگی تەمووزی رابردوو، پەرلەمانی ئیسرائیل "کنێست"، یاسایی نەتەوەیی پەسەند کرد کە بەپێی یاساکە، ئیسرائیل نیشتمانی نەتەوەیی گەلی جوولەکەیە، ھەروەھا مافی چارەی خۆنووسین لە دەوڵەتی ئیسرائیل تەنھا بە جوولەکە دراوە و ئەو کۆچکردنەی کە بە ھۆیەوە راستەوخۆ مافی ھاووڵاتیبوونی لێ دەستەبەر دەبێت، تەنھا بۆ جوولەکەیە.