Fakhradin Ibrahim Mohammad
08 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2023
ئەنقەرە - AA
دوو مانگ بەسەر ئۆپەراسیۆنی لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس بە ناوی گەردەلوولی ئەقسا دژ بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ئیسرائیلەوە تێدەپەرێت. هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لەو ڕێکەوتەوە لە کەرتی غەززەی داگیرکراو بەردەوامە.
وەک بەشێک لە ڕاگرتنی مرۆیی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنێکی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ٢٤ی تشرینی دووهەم، ٨١ بەدیلگیراوی ئیسرائیلی و ٢٤٠ فەڵەستینی کە لە بەندیخانەکانی ئیسرائیلدا بوون، ئازاد کران. لە کاتێکدا کە لێدوانی ئازادکراوان لە میدیاکاندا بڵاو دەکرێتەوە، دەنگۆیەکی نوێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە.
پێشینەی ئەو دەنگۆیە:
قسەی ئەوە هەیە کە یەکێک لە بەدیلگیراوەکانی دەست حەماس باسی لەوە کردەووە کە هێلیکۆپتەرەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدا ئەوان لە غەززە بوون، تەقەی لێکردوون.
دەرئەنجام:
لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کە ئەو دەنگۆیە، لە لایەن کەناڵی CNNی ئەمریکایی بڵاوی بووەتەوە.
CNN هەواڵێکی لە ژێر سەردێڕی "دەنگێکی درزکراو هەیە کە توڕەیی بارمتەکان دژ بە ناتانیاهو دەردەخات" بڵاو کردووەتەوە کە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران ناتانیاهو لەگەڵ ئەو بارمتانەیە کە لە لایەن حەماسەوە ئازاد کراون.
بانگەشەی تەقەی هێلیکۆپتەرەکانی ئیسرائیل لە خەڵکی مەدەنى ئیسرائیل لە پەرەگرافی چوارەمدا هاتووە.
دەنگی ژنێک کە لەگەڵ منداڵەکەی بە بێ هاوسەرەکەی ئازاد کراوە، لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەردەکەوێت، دەڵێت: "هەستی ئێمە لەوێ ئەوە بوو کە هیچ کەس، هیچ شتێکمان بۆ ناکات. ڕاستییەکەی حەشارگەکەی ئێمە بۆردومان کرا و بریندار بووین و بەناچار دەبوایە بێینە دەرەوە. جگە لەوەش لە ڕۆژی ٧(ی تشرینی یەکەم) لە ڕێگەی غەززە هێلیکۆپتەرەکان تەقەیان لێکردین".
دەرکەوت کە ئەو گفتوگۆیە، دەنگێکی درزکراوی دیداری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین ناتانیاهو لەگەڵ ئەو بارمتانەیە کە ئازاد کراون.
وردەکاریی ئەو دیدارە لە ماڵپەڕی بەناوبانگی ئیسرائیلی Ynet بڵاو کراوەتەوە کە دەریدەخات دیداری نێوان سەرۆکوەزیران ناتانیاهویە لەگەڵ بارمتە ئازاد کراوەکان و یان کەسوکاریان کە دژ بە هێرشەکان بۆ سەر غەززە کاردانەوەیان هەیە.
لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەردەکەوێت کە یەکێک لە بارمتە ئازادکراوەکانی دەستی حەماس دەڵێت، "ڕۆژانی دەستبەسەریمان زۆر ئازاربەخش بوو. ئێمە لە تونێلەکاندا بووین و دەترساین ئیسرائیل بمانکوژێت نەک حەماس، دواییش دەیانگوت کە حەماس کوشتوونی. هەر بۆیە بە توندی داواکارم کە هەرچی زووە ئازادکردنی بارمتەکان دەست پێبکرێت و بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان". و بەو شێوەیە داوای ئاگربەست لە ناتانیاهو دەکات.