Muhammet Ali Kemal
29 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2015
ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە بڕیاری زیادکردنی نرخی ژمارەیەک کاڵای بەکاربردنی دەرکردووە کە لە نێویاندا هەریەک لە سووتەمەنی، ئاو و کارەبا هەیە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی هەواڵیی سعودیە (SPA) ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە کە بە سەرۆکایەتی شاسەلمان بن عەبدولعەزیز کۆبووەتەوە و بڕیاری بەرزکردنەوەی هەر یەک لە نرخەکانی سووتەمەنی، ئاو و گازی سرووشتی داوە کە لە رووی نرخەوە ''زۆر گونجاو'' بن، لەگەڵ نرخی ستانداردی نێودەوڵەتی.
لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا کە لە دوای کۆبوونەوەکەوە بڵاو کراوەتەوە، سەبارەت بە رێژەی بەرزکردنەوەی نرخەکان، هاتووە: "زیادکردنی نرخەکان بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بوودجە یان کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانییدا نییە. سعوودیە ئامانجە داراییەکانی خۆی بۆ ساڵی ٢٠١٦ بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ دەکات. هاووڵاتییان هاوشێوەی پێشتر لە دوای زیادکردنی نرخەکانیش دیسان هەر هەرزانترین سووتەمەنی لە نێو ژمارەیەک وڵاتی جیهاندا بەکار دەهێنن. زیادکردنی نرخەکان تەنها بەمەبەستی بە هۆشیارییەوە بەکارهێنان و رێگریکردنە لە زیادە بەکارهێنان".
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە نرخی بەنزینی بێ رەساس لە ٠.٦٠ ریڵەوە دوای زیادکردنی لەسەدا ٥٠ی نرخەکەی بووەتە ٠.٩٠ ریاڵ، نرخی بەنزینی ئاسایی لە ٠.٤٥ ریاڵەوە دوای زیادکردنی لەسەدا ٦٧ بووەتە ٠.٧٥ ریاڵ و گاز لە ٠.٢٥ ریاڵەوە دوای زیادکردنی لەسەدا ٨٠ بووەتە ٠.٤٥ ریاڵ.
باس لەوەشکراوە کە زیادکردنی بەرهەمەکانی سووتەمەنی لەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت بەڵام نرخە نوێیەکانی کارەبا، ئاو و گازی سرووشتی لە مانگی کانوونی دووەمەوە جێبەجێ دەکرێن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکرێت کە زیادکردنی نرخەکان بتڵی غاز ناگرێتەوە.
سعوودیە دوێنێ بەیانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە شاسەلمان تێیدا بەشداری کرد، بوودجەی ٢٠١٦ی حکوومەتەکەی راگەیاندبوو. بوودجەی سعوودیە بۆ ساڵی ٢٠١٦ بە ٢٢٤ ملیار دۆلار دانرابوو، داهاتەکانی بوودجە بە ١٣٧ ملیار و کورتهێنانی بوودجە بە ٨٧ ملیار دۆلار خەمڵێندرابوو.
سعوودیە کە یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، لەسەروو لەسەدا ٩٠ی داهاتی وڵاتەکەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.