Ramal Mahmood
18 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2016
سەرۆکی فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند، لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا، رایگەیاند: "دوای بەکارهێنانی ڤیتۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکارکەوتووە، بەڵام نابێت واز بهێنین. دەبێت چارەسەری سیاسیی بدۆزرێتەوە و کۆتایی بە کۆمەڵکوژی بهێنرێت".
ئۆلاند لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن کە لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ە ئەرکەکەی کۆتایی پێدێت، لە کۆشکی ئێلیزا کۆبووەوە. لەدوای کۆبوونەوەکە لە رێوڕەسمێکدا، ئۆلاند میدالیای رێزلێنانی فەڕەنسا "Legion d'honneur"ی بە سنگی بان کی مۆنەوە هەڵواسی.
لە رێورەسمەکەدا ئۆلاند ئاماژەی بە گرنگی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە هەوڵەکانیان لە دژی زیانگەیاندنی داعش و هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد بە هاووڵاتییانی مەدەنی و گوتی: "دوای بەکارهێنانی ڤیتۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکارکەوتووە بەڵام نابێت واز بهێنین. دەبێت چارەسەری سیاسیی بدۆزرێتەوە و کۆتایی بە کۆمەڵکوژی بهێنرێت لەلایەن داعش و رژێمی ئەسەدیشەوە".
لەبارەی رۆڵی بان کی مۆنیشەوە، ئۆلاند گوتی: "بان کی مۆن لەماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا هەمیشە رۆڵی پێشەنگی بینیووە لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ ئەوەی ئاشتی باڵ بکێشێت بەسەر جیهاندا. وەکو فەڕەنسا بەردەوام پشتیوان و پشتگیریکاری هەوڵەکانیان بووین بە تایبەتی لە وڵاتی مالی و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست".
لای خۆیەوە بان کی مۆن تیشکی خستە سەر ئەوەی شانازی بەوە دەکات کە میدالیای "Legion d'honneur"یان بە شایستە زانیووە. گوتی: "فەڕەنسا وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام رۆڵێکی گرنگی هەبووە. بەردەوام لە هەماهەنگیدابوون. فەڕەنسا لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاشتی پارێز پشتگیرییەکی زۆری نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە".