19 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2020
تەرابلوس ــ AA
دامەزراوەی نەوتی لیبیا كە سەربە حكوومەتی تەبایی نیشتمانییە، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە خراپبوونی رەوشی ئەمنی لە دەورووبەری دامەزراوە نەوتییەكانی شاری سرت رۆژهەڵاتی لیبیا دەربڕی كە بەهۆی شەڕ و پێكدادانی نێوان دوو گرووپی چەكدار سەربە خەلیفە حەفتەر هاتووەتە ئاوارەوە.
لە راگەیەندراوێكدا، دامەزراوەی نەوتی لیبیا رایگەیاند كە لە میانی دوو رۆژی رابردوودا، شەڕ و پێكدادان لە نێوان گرووپێك چەكدار و پاسەوانانی دامەزاروە نەوتییەكان لە ناوچەی بەریقە سەربە شاری سرت كە سەرجەمیان سەربە خەلیفە حەفتەرن، روویداوە.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە شەڕ و پێكدادانەكە، بە دووری سەد مەتر لە کۆگاكانی نەوت لە ناوچەكە روویداوە كە لە میانیدا چەكی مامناوەند و قورس بەكارهێندراوە، بێ ئەوەی هۆكاری شەڕ و پێكدادانەكە بخرێتەڕوو.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "ئەو شەڕ و پێكدادانە ئەوە دەسەڵمێت كە هیچ بەرپرسیاریەتییەک لە پاراستنی دامەزراوە نەوتییەكان و گیانی كارمەندانەكان لەو دامەزراوانەدا لای گرووپە چەكدارەكانی سەربە خەلیفە حەفتەر بوونی نییە".
دامەزراوەی نەوتی لیبیا لە راگەیەندراوەكەیدا بە گرنگی زانیوە كە بەكرێگیراوە بیانییەكان بەتایبەتیش بەكرێگیراوانی گرووپی "واگنەر"ی رووسی لە دامەزراوە نەوتییەكان دوور بخرێنەوە.
چەند رۆژێك لەمەوبەر دامەزراوەی نەوتی لیبیا رایگەیاندبوو كە ژمارەیەكی زۆر لە بەكرێگیراوانی بیانی كە لە ریزی میلیشیاكانی حەفتەر دژبە هێزەكانی حكوومەتی تەبایی نیشتمانی شەڕ دەكەن، لە دامەزراوە نەوتییەكاندا بڵاوبوونەتەوە.