Hemn Osman
06 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2015
بەمەبەستی بەشداریكردن لە زنجیرە بەرنامەیەكدا، جێگری سەرۆكوەزیرانی و گوتەبێژی حكوومەتی توركیا نوعمان كورتوڵموش، سەردانی شاری ئۆردوی كرد.
لە میانی سەردانەكەیدا، كورتوڵموش وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە چەند بابەتێكی رۆژەڤ و رایگەیاند "ئامانجی رووسیا لە هێرشەكانی ئاسمانی لە سووریا ئەنجامیان دەدات، داعش نییە، بەڵكو كردنە ئامانجی ئەندامانی میانڕەوی و بارەگاكانی ئۆپۆزسیۆنی نەیاری رژێمی سووریایە. ئەوەش پێشهاتێكە بارودۆخی توركیا و هاوسەنگیەكانی ئەو جەنگەی لە سووریا دەگوزەرێت بەشێوەیەكی بەرچاو دەگۆڕێت. لەبەرئەوە با هیچ كەسێك داعش نەكاتە بەهانە و دەست وەربداتە جەنگی ناوچەكە، چونكە ئەوە سوود بە كەس ناگەیەنێت. بەدڵنیاییەوە پێشەنگی كاری ئێمە لەنێو ئەو جەنگەدا دەستەبەركردنی ئاسایشی توركیایە".
كورتوڵموش، ئاماژەی بەوە كرد كە دەوڵەتی كۆماری توركیا و حكوومەتەكەی خاوەنی هەموو جۆرە هێزێكن بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی توركیا، لەبەرئەوە داوا دەكەین كەس هێز و ئارامی توركیا تاقی نەكاتەوە. ئێمە ئاشتیمان دەوێت لە ناوچەكەماندا. ئەو جەنگە نێوخۆییەی ماوەی پێنج ساڵە لە ناوچەكەماندا بەردەوامە، ئیدی بۆتە تەختەی شەترەنجی زلهێزەكان، ئەو شەڕەی كراوەتە یاریەكی كۆمپیوتەری، داوا دەكرێت ساتێك زووتر كۆتایی پێ بهێنرێت. داوا دەكرێت گەلی سووریا ساتێ زووتر بە ئارامی، خۆشگوزەرانی و ئازادی بگەن.
نوعمان كورتوڵموش، باسی لەوە كرد كە جەنگی نێوخۆی سووریا گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار و گوتی: "دەستێوەردانی كردەیی رووسیا لەو جەنگە، بەڕاستی بۆتە مایەی نیگەران كردنی توركیا. رۆژانە هاتنە ناوەوەی كارەكتەری دیكە بۆ ناو جەنگەكە، وا دەكات جەنگەكە بگاتە بنبەست و كۆتایی نەیەت. جارێكی دیكە بە رووسیا دەڵێینەوە كە هەم هێرشەكانی لە سووریا راگرێت، هەمیش بەبیانووی سووریاوە واز لە بەزاندنی كایەی ئاسمانی توركیا بهێنێت، داوایان لێ دەكەین و ئاگاداریان دەكەینەوە. لەو چوارچیوەیەشدا توركیا بە سەرنج و هەستیاریەوە چاودێری پێشهاتەكان دەكات و سوورە لەسەر دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆی. ئومێدەوارم رووسەكان وەك روونیان كردەوە بە هەڵە كایەی ئاسمانی توركیایان بەزاندبێت. ئەگەر بە هەڵە ئەو كارە كراوە، كەواتە جارێكی دیكە ئەنجام نادرێتەوە. لەبەرئەوە توركیا بە هەستیاریەوە چاودێری دۆخەكە دەكات. لەبەرئەوە داوا دەكەین كەس توركیا تاقی نەكاتەوە و بڵێت هەڵوێستی توركیا چی دەبێت ".
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە توركیا بەهۆی شەڕی پەكەكەوە، لە ماوەی 35 ساڵی رابردوودا لانیكەم یەك تریلیۆن و 500 ملیار دۆلاری زیانی ئابووریی كردووە و گوتی: "با ئیستا تەنیا لەوە بڕوانین، لە پێش 20ی تەمووزەوە كە شەڕ نەبوو، بەتایبەتی لە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ئانادۆڵو و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵو (ناوچەكانی كوردی) هەموو لایەكی ئەو ناوچانە پڕ بوو لە خەڵك. هەموو هۆتێلەكانی پڕبوون لە خەڵك، ئەوەش ببووە مایەی دڵخۆشیمان. بەڵام پاش دەست پێ كردنی شەڕ خەڵكی ناوچەكە لە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆردان. هەروەها كاری وەبەرهینان لەو ناوچانەدا لە پاشەكشەدایە، بۆ نموونە یەكێك لە گرنگترین وەبەرهێنانەكانمان كارەبایە، كە ئیستا ناو بەناو دەبڕێت. ئەم دۆخەش كاریگەری نەرێنی كردۆتە سەر ئابووریی ناوچەكە، بەتایبەتی بواری گەشتوگوزاری".