قاهیره
ئەكتەری میسری بواری سینەما عومەر شەریف، لە تەمەنی 83 سالیدا كۆچی دوایی كرد.
عومەر شەریف كە لە رێگەی فیلمەكانی "لۆرانس ئەلعەرەب" و "دكتۆر جیڤاگۆ"ەوە ناسرا، لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەهۆی جەڵتەی دڵەوە كۆچی دوایی كرد.
بەڕێوەبەری كارەكانی شەریف ستیڤن كەنیس، باسی لەوە كرد شەریف كە نەخۆشی زهایمەری هەبوو، دوای ئەوەی جەڵتەی دڵ لێیداوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، سەرەڕای هەموو هەوڵەكان نەتوانرا رزگار بكرێت و كۆچی دوایی كرد.
لە لێدوانێكیدا بۆ ئانادۆلو، سەرۆكی پێشووی رێكخراوی هونەرمەندانی سینەمای میسر ئەشرەف عەبدلغەفوور رایگەیاند "سینەماكارێكی میسریمان لەدەستدا، كە ماوەیەكی زۆر خزمەتی بە بواری سینەما كردووە و لە جیهاندا خاوەنی ناوبانگ بوو. لەم دواییانەدا چەند كێشەیەكی تەندروستی هەبوو. بەڵام بڕیاریدابوو كە كاتەكانی كۆتایی ژیانی لە میسر بەسەر ببات".
شەریف، لە 10ی نیسانی 1932دا لە شاری ئەسكەندەریە لە دایكبووە. دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك لە كارگەی دارتاشی باوكیدا كاری كردووە، تیشكی خستۆتە سەر خەیاڵەكانی خۆی بۆ بوونە سینەماكار و لە میسر رۆڵی لە زۆر فیلمدا گێڕاوە.
سینەماكاری كۆچكردووی میسری شەریف، لە خانەوادەیەكی مەسیحی كاسۆلیك هاتۆتە دونیاوە، بەڵام موسوڵمان بووە و لە ساڵی 1955دا لەگەڵ ژنە سینەماكاری میسری فاتن حەمامە ژیانی هاوسەری پێكەوەناوە و خاوەنی كوڕێكن بەناوی تارق.
شەریف كە زۆربەی كاتەكانی ژیانی لە ئەمریكا بەسەر برد، لە چەندین فیلمی بەناوبانگدا رۆڵی بینیوە. لە ساڵی 1962دا لە فیلمی "لۆرانس ئەلعەرەب"دا رۆڵی شەریف عەلی بینیوە و بۆتە كاندید بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار. هەروەها بەهۆی هەمان رۆڵیەوە خەڵاتی گۆەی ئاڵتوونی بۆ باشترین یاریدەدەری ئەكتەری پیاو وەرگرتووە. پاش سێ ساڵ بەهۆی رۆڵ بینینی لە فیلمی "دكتۆر جیڤاگۆ"دا بووە خاوەنی خەڵاتی گۆی ئاڵتوونی.