تاران
بەبۆنەی "رۆژی جیهانی قودس"ەوە لە زۆربەی شارەكانی ئیران، بەتایبەتی تارانی پایتەخت، خۆپیشاندان رێكخرا.
لە چالاكیەكەی تارانی پایتەختدا، هەریەك لە سەركۆماری ئیران حەسەن روحانی، جیگری یەكەمی سەرۆكایەتی كۆمار ئیسحاق جیهانگیری، وەزیری بەرگری حوسەین دەهقانی و سەر كۆماری پێشوو مەحموود ئەحمەدی نەژاد بەشداریان كرد.
لە خۆپیشاندانەكەدا، ئاڵای فەڵەستین و حزبوڵڵای لوبنان لەگەڵ وێنەی سەركردەی حوسییەكان بەرز كرایەوە و هوتافی "مردن بۆ ئەمریكا" ، "مردن بۆ ئیسرائیل" و "قودس هی ئیمەیە" دەوترایەوە.
ئەوەی بووە مایەی سەرنج لە خۆپیشاندانەكەدا، خۆپیشاندەران هوتافیان بۆ پاڵپشتی لە شاندی دانوستانكاری ئەتۆمی وڵاتەكەیان دەوتەوە.
پاش نوێژی هەینی، خۆپیشاندەران لە زانكۆی تاران و شەقامەكانی دەورووبەری نزایان بۆ قودس و دانیشتوانی كەرتی غەززە كرد.
لە كاتی خۆپیشاندانەكەدا، وەزیری بەرگری ئیران بۆ ئانادۆڵو دواو باسی لە دانوستانەكانی ئەتۆمی نێوان وڵاتەكەی و وڵاتانی پێنج كۆ یەك كرد كە لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت.
دەهقانی گوتی: "ئەگەر دانوستانەكان بە رێككەوتنی كۆتایی گەیشت، ئەوا دەبێتە كایەیەكی جیهان و كاریگەریەكەی زۆر دەبێت، لەبەرئەوە ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئەم رێككەوتنەن، هەر بۆیە ئەمریكا لە دانوستانەكاندا داواكاری زۆر و لەرادەبەدەر دەخاتەڕوو، لەگەڵ ئەوەش نین كۆبوونەوەكان بە ئامانج بگەن، یان دەیانەوێت ئابڵووقە بخەنە سەر گەلەكەمان، بەڵام گەلەكەمان ناچێتە ژێر باری ئەو فشارانەوە".
بەمەبەستی بەرزكردنەوەی هەستی موسوڵمانان بەرامبەربە قودس كە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە، دواین رۆژی هەینی هەموو مانگی رەمەزانێك، لەژێر ناوی "رۆژی جیهانی قودس" لە وڵاتانی ئیسلامیدا چالاكی جۆراوجۆر رێكدەخرێت.